مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای پشدەر بەکار دەهێنرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 12909 لە ڕێکەوتی 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە نووسراوێکی ڕەزامەندیی لەسەر داوایەکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دا.
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی 20%ـی داهاتی مەرزی کێلێ بە شێوەی نەختینەی مانگانە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژە بەردەوام و وەستاوەکانی سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دا.
مەرزی کێلێ
مەرزی کێلێ یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم مەرزە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینە.
هەروەها مەرزی کێلێ وەک دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران دادەنرێت و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکەدا هەیە.
قەزای پشدەر
قەزای پشدەر، یەکێکە لە قەزا گرنگ و ستراتیژییەکانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، کە ناوەندەکەی شاری قەڵادزێیە، ئەم قەزایە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشێکی گرنگە لە جوگرافیا و مێژووی ئەم ناوچەیە.
قەزای پشدەر هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، ئەم ناوچەیە بە سروشتە جوان و شاخاوییەکەی ناسراوە و بە چیاکانی قەندیل لە باکوور، مامەند لە ڕۆژهەڵات و کێوەڕەش لە ڕۆژئاوا دەورە دراوە.
