لیستی ناوی ئەو کەسانەی لە شارەوانی ڕزگاریی زەویان بۆ دەرچووە بڵاوكرایهوه

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لیستی ناوی ئەو کەسانەی لە ناحیەی ڕزگاریی زەوییان بۆ دەرچووە، بڵاوکردەوە.
پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لە ڕێوڕەسمێکدا تیروپشکی بۆ ئەو فەرمانبەرانە کرد، کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی ئەو خشتەی دانراوە، لە ڕۆژانی داهاتوو لە سنووری چەند شارەوانییەکی دیکە تیروپشک دەکرێت.
هەروەها گوتی: فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوە ئیدارەی هەرێم بەگوێرەی کارتی زانیاری لە نزیکترین شوێن لێیانەوە لە هەرێم زەوی وەردەگرن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕوونیشی كردووهتهوه، ئەو کەسانەی له سنووری ناحیهی ڕزگاریی سوودمەندبوونە، ژمارەیان دوو هەزار فەرمانبەرە. بۆ بینینی ناوەکان کلیک لەم لینکە بکە
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.