نێچيرڤان بارزانى: مه‌سيحييه‌كان پێكهاته‌يه‌كى ڕەسهنى كوردستانن

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ مار ئه‌غناتيۆس ئه‌فرامى دووه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى سريانيى ئه‌رتۆدۆكسى دووپاتی کردەوە، كوردستان به‌بێ جياوازى، نيشتمانى هه‌مووانه؛ هاوكات مار ئه‌غناتيۆس ئه‌فرامى دووه‌میش، سوپاسی کوردستانی کرد کە لە کاتە سەختەکان و ئاوارەبوونی مەسیحییەکان، هاوکار و پشتیوان بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له مار ئه‌غناتيۆس ئه‌فرامى دووه‌م، پاترياركى كه‌نيسه‌ى سريانيى ئه‌رتۆدۆكسى و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه له ژماره‌يه‌ك له مه‌تران و قه‌شه و پياوانى ئايينيى كه‌نيسه‌كه له سه‌رتاسه‌رى جيهان، پێكهاتبوو.
له ديدارێكدا پاتريارك و شاندی یاوەری، باسيان له ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه بۆ كردنه‌وه‌ى دوو كه‌نيسه بوو، يه‌كێکيان له هه‌ولێر و دووه‌ميان له دهۆك.
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه، له‌م باره‌يه‌وه سوپاسی هاوكاری و پشتگيريی هه‌رێمى كوردستانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سيحى كرد به‌تايبه‌تى له كاته سه‌خته‌كان و سه‌رده‌مى ئاوارەبوونى مه‌سيحييه‌كان و پێكهاته‌كانى ديكه له كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها ستايشى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيیانه‌ى نێوان پێكهاته‌كانيان له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لاى خۆيه‌وه نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه، كوردستان به‌بێ جياوازى، نيشتمانىی هه‌مووانه و شانازى به پێكه‌وه‌ژيان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها دڵنيای كردنه‌وه، هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له بره‌وپێدان و فراوانكردن و پاراستنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى و فره‌يى.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتى: مه‌سيحييه‌كان پێكهاته‌يه‌كى ڕەسهنى ئه‌م وڵاته‌ن و هه‌مووان پێكه‌وه له ئه‌رك و مافه‌كاندا يه‌كسانن.
دۆخى كه‌نيسه‌كه و شوێنکەوتووانی له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى جيهان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.
