سیستەمی فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکا و کەنەدا هاک کران

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا دەستییان بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی بەرپرسن لە هاککردنی سیستەمەکانی فڕۆکەخانەکان لە چەندین شاردا، کە تێیدا پەیامی دژەئیسرائیل و پشتگیریکردنی فەڵەستینیان خستە سەر شاشەکانی نیشاندانی کاتیی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان و سیستەمەکانی ڕاگەیاندن.
بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەو دوو وڵاتە، هاککەرەکان سەر بە گرووپێکن بە ناوی "سایبەر ئیسلام"، توانیویانە شاشەکانی نیشاندان و سیستەمەکانی ڕاگەیاندن لە هەر یەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هاریسبێرگ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کیلۆنا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڤیکتۆریا لە بریتش کۆلۆمبیا، هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ویندسۆر لە ئۆنتاریۆی کەنەدا هاک بکەن.
لە فڕۆکەخانەی هاریسبێرگ، گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاو کرانەوە، دەنگێکی ئۆتۆماتیکی دەیگوت: "هاککەری تورکی سایبەر ئیسلام لێرەیە"، چەندین جار ڕستەی "فەڵەستین ئازاد بکەن" دووبارە دەکرایەوە، پاشان دەنگە ئۆتۆماتیکییەکە چەند وشە و دەستەواژەی دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگوتەوە.