مەزڵووم عەبدی: هەسەدە سوپای سووریا بەهێز دەکات

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت:  لەگەڵ دیمەشق بۆ یەکخستنی هێزەکان لە چوارچێوەی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا، گەیشتووینەتە ڕێککەوتن.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ئه‌سۆشێتدت پرێس) گوتی: لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتن. ئاماژەی بەوەش کردووه‌، گفتوگۆکان ئێستا بەردەوامن.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتووشیه‌تی، دروستکردنی هێزێکی تۆکمە لە دەرەوەی ئەجێندای سیاسی، کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی خاکی سووریا بێت، گرنگە.

مەزڵووم عەبدی باسی له‌وه‌ش كردووه‌: هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزێکی گەورەیە، تێکەڵبوونی بە سوپای سووریا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەهێزبوونی سوپاکە دەبێت، زۆرینەی کێشەکانیش چارەسەر دەکات.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: ئێمە کە باس لە هەسەدە دەکەین، باس لە هێزێکی گەورە دەکەین کە زیاتر لە 10 هەزار جەنگاوەر پێکدێت، ئەو ژمارە زۆره‌ نابێته‌ گرووپی بچووک بچووک، بەڵکوو سەر بە دامەزراوەیەک دەبن، لەسەر بنەمای ڕێکخستنی سەربازیی گەورە دەست بە ئەرکەکانیان دەکەن لە سایەی وەزارەتی بەرگریی سووریا.

سەبارەت بە ڕووداوی کەناراوەکان، مەزڵووم عەبدی گوتی: ئەوەی لە کەناراوەکان و سوەیدا چەند جارێک دووبارە بوونەوە متمانەی کەم کردینەوە، چونکە کێشەیان دروست کرد، ئەو کێشانە وایان کرد جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار دوا بکەوێت. دەشڵێت: ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە لە دەستووەردانی تورکیا لە ناوخۆی سووریا دەگرێت.

عەبدی لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئاژانسی (فرانس پرێس) ڕایگەیاند: ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەردەوامە. گوتیشی: باوەڕم وایە گفتوگۆكان بەرەو پێشەوەدەچێت.

لەو چوارچێوەیەدا، شاندێکی سەربازی هەسەدە گەیشتە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریادا، مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە،  ئەم کۆبوونەوەیە زۆر باشە بەراورد بەو لیژنانەی کە لە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئاداری ڕابردوودا دروست کراون.
ئاژانسه‌کانی هەواڵ  ئاماژەیان بەوەدا، شاندەکە پێک هاتووە لە ئەندامانی هه‌سه‌ده‌ و سیپان حەمۆ و سۆزدار حاجی، ئەبجەر داوود و شاکر دێرەزوور. ئاماژە بەوەش دراوه‌، بڕیارە گەڕی دیکەی کۆبوونەوەکان لە ڕۆژانی داهاتوو بەڕێوە بچن.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مورھەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، پشتڕاستی کردەوە لە دیمەشق لەگەڵ عەبدی کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتنێکی گشتگیریان بۆ وەستاندنی تەقە لە هەموو بەرەکان و خاڵەکانی سەربازی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووه‌، بەو مەرجەی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێبکات.

له‌ ماوەی ڕابردوو گرژی و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ناوچەکانی حەلەب کە  هەسەدە کۆنترۆڵی کردوون، ڕوویان دا.

لە 10ـێ ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە چەند بڕگەیەکی لەخۆ گرتبوو، لە سەروویانەوە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسه‌ر لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا تا کۆتایی ئەمساڵ، لە کاتێکدا ڕێککەوتنەکە بۆچوونی جیاوازی لە نێوان هەردوولادا دروست کرد کە ڕێگری لە پێشڤەچوونی و جێبەجێکردنیدا کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment