ترەمپ: لە هەنگاریا لەگەڵ پوتن کۆدەبمەوە

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کۆدەبێتەوە، ئەو لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادیمێر پوتن ئەنجامداوە و دەڵێت: پەیوەندییەکی سەرکەوتوو بوو.
کۆشکی کرێملین ڕایگەیاند: دەستبەجێ کار بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە دەستپێدەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکە زۆر ڕاشکاوانە بووە و بە دەستپێشخەری ڕووسیا پەیوەندییەکە ئەنجام دراوە.
پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و پوتن لەسەروبەندی کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەنجامدراوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە واشنتۆن، بەپێی گوتەی شاندی ئۆکرانی بۆ ئاژانسی(فرانس پرێس)، بەو هیوایەن واشنتۆن مووشەکی تۆماهۆک بە وڵاتەکەیان بدات سەرەڕای ناڕەزایەتی مۆسکۆ.
سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵی خۆی نووسیبووی: بڕیارماندا هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک بۆ ڕاوێژکارە باڵاکانمان ڕێکبخەین. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبیۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات لە لایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە شوێنێک کە هێشتا دیاری نەکراوە.
ترەمپ دەڵێت: پاشان من و سەرۆک پوتن لە شوێنێکی پێشتر لەسەری ڕێککەوتووین، لە بوداپێستی هەنگاریا، یەکتر دەبینین بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین ئەم جەنگە ناڕەوایەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی پێ بهێنین.