زانكۆی سۆران ئەو قوتابییانەی ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگهیەک نەگەڕاوەتەوە ئاگادار دهكاتهوه

زانکۆی سۆران، ئاماژە بەوە دەکات، سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12ـی ههر دوو لقی وێژهیی و زانستی ئەوانەی ناویان له هیچ كۆلێژ و پهیمانگهیهك نەگەڕاوەتەوە، دهتوانن لە ڕێگەی سیستەمی زانکۆڵاینهوه تانه پێشكهش بگرن و تۆمار بکەن.
ڕێبەر عەبدولغەفار، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەو قوتابییانەی داواکارییان لە ڕێگەی سیستەمی زانکۆلاین پێشکەش کردبوو، بەڵام هەژمارەکەیان وەرنەگیرا، دەتوانن بچنە ناو سیستەمەکە و بە پێی نمرە کۆنەکانیان، ئەو شوێنانەیان بۆ دەکرێتەوە و دەتوانن پڕی بکەنەوە.
لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی زانکۆلاین بەشێک لە دەرچووانی پۆلی12ـی وێژهیی و زانستی ناوەکانیان نەگەڕایەوە، هەر ئەو کات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم دەرچووان ئەوانەی گرفتیان بۆ دروست بووە دەتوانن تاوەکوو هەفتەیەک زانکۆلاین جارێکی دیکە پڕ بکەنەوە، کە زیاتر لە هەزار قوتابی دەبوون.
ڕۆژی سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: ئەمساڵ زیاتر له 50 هەزار دەرفەتی وەرگرتنی قوتابییان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا زیادی کردووە.
ڕاشیگەیاند، لە 100%ـی هەموو دەرچووانیان وەرگرتووە، بەڵام ڕێژهی 30% تۆزێک کەموکووڕی هەبوو لە نمرەی دەرچوونیان و ئەو شوێنانەی کە هەڵیان بژاردووە ناگونجێت لەگەڵ نمرەکانیان، بەڵام ئەوەش وەکوو ساڵانی ڕابردوو چارەسەریان دەکەن.