فەرەنسا و بەریتانیا هێزی سەربازیی ڕەوانەی کەرتی غەززە دەکەن

حکوومەتی فەرەنسا ئاشکرای کرد،  بە  هاوبەشی بەریتانیا و هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەیانەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە پشتیوانی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی،  هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە دوای کشانەوەی حەماس لەکەرتەکە و دانانی چەکەکەی، بڵاو بکەنەوە  .
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، دوو ڕاوێژکاری باڵای ئەمریکی ڕایانگەیاند: لەگەڵ  ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە کە ئەمەریکا نێوەندگیریی بۆ کردووە، دەست بە جێبەجێکردنی پلانێک کراوە بۆ ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی غەززە لەپێناو دابینکردنی ئاسایش لە کەرتەکە.

پاسکال کۆنڤافڕۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ڕەوانەکردنی هێزێکی لەو جۆرە بۆ غەززە،  پێویستی بە مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەوەی جموجۆڵە سەربازییەکە بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی هەبێت و ڕێگریی و ناڕەزایی وڵاتانی بەدودا نێت.

کۆنڤافڕۆ گوتیشی: "فەرەنسا لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی نێودەوڵەتی لەم جۆرە، کە دەبێت لە ڕێگەی پەسەندکردنی بڕیارێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بخرێتە نێو چوارچێوەیەکی یاسایی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕوونیشی کردەوە کە، گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن، بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکییەکان و بەریتانییەکان، بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژە بڕیارێک لەم بارەیەوە.

پاریس لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەم مانگەدا، میوانداریی گفتوگۆکانی هێزەکانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی کرد، بۆ داڕشتنی بیرۆکەیەک لە  قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتی غەززە دوای شەڕی دوو ساڵەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لەوانەش چۆنیەتی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو کەرتەدا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment