ئەمڕۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتی سەردانی دیاربەکر دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 17ی تشرینی یەکەمی 2025، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کە هاوکات سەرۆکی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانییە، سەردانی پارێزگای دیاربەکر بکات.

ئیسماعیل بەدرخان ئوغلو، سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی و پیشەسازییەکان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دامەزرا، هەروەها ئەم کۆمیسیۆنەش یەکەمجارە کۆبوونەوە و سەردان لە دەرەوەی ئەنقەرە، لە دیاربەکر ئەنجام بدات، هەر بۆیە گرنگ و بەنرخە.

ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەردانە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانە لە پرۆسەکەدا، دەبێت هەموو لایەنەکان ئاگاداری قسە و کردارەکانیان بن، پێویستە هەموو لایەنەکان زمانی ئەرێنی بەکاربهێنن و هەڵوێستیان هەبێت لەسەر بنیاتنانی.

سیاسەتمەدارانی کورد ئاماژە بەوە دەکەن، پرۆسەی ئاشتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ئەیوب هان-سەرۆکی ناوچەی سووری ئاکپارتی لە دیاربەکر، ڕایگەیاند: سەردانیکردنی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ دیاربەکر گرنگە، چونکە ئەم شارە ڕەگ و ڕیشەی کوردە لە تورکیا، هەنگاوێکی باشە بۆ بەرەوپێشڤەچوونی پرۆسەکە.

گوتیشی: گوتەیەکی نوعمان کورتولموش هەیە، دەربارەی زمانی کوردی، ئاماژە بەوە دەکات، وەک شیری دایکیان حەلالیانەە.

سیاسەتمەداران دەڵێن، سەردانەکەی نوعمان کورتولموش بۆ دیاربەکر پەیامی گرنگ دەگەیەنێت و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەکەدا دەستپێدەکات کە وەک ئامرازێک بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی ئەرێنی دەبێت.

5ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دابینکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبووەوە و، ناوی کۆمسیۆنەکە یەکلا کرایەوە و کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment