نرخی زیو نهێنییەکی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە

نرخی زیو لە بازارە داراییەکانی جیهاندا لە سەرو 50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک ماوەتەوە، تەنیا لەمساڵدا نرخی ئەو کانزایە 70% بەرزبووەتەوە، بەڵام لە مێژوودا چەندان جار نرخی زیو بەرزبوونەوەی بەو شێوەیەی تۆمارکردووە و دواتر بەخێرایی دابەزیووە.
زۆرجار باس لەوە دەکرێت بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زیو پەیوەستە بە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زێڕ، ئەمە تاڕادەیەک ڕاستی تێدایە، بەڵام زۆر کاتیش هەبووە نرخی زێڕ و زیو بە پێچەوانەوە جوڵەیان کردووە.
ناوەندە تایبەتمەندەکان چوار هۆکاریی سەرەکییان دەستنیشان کردووە کە لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی زیون، چوار هۆکارەکە ئەمانەن:
هۆکاریی یەکەم کە وایکردووە نرخی زیو بەرزبێتەوە بریتییە لە مەترسییە ئابووریی و جیۆسیاسییەکان لەو دۆخە ئاڵۆز و پڕ مەترسییەدا بازرگانان وەکو پەناگەیەکی ئارام وەبەرهێنانیان لە زیودا کردووە.
هۆکاریی دووەم بریتییە لە بوونی ئاستەنگ لە خستنەڕووی زیودا، بەشێوەیەک کە چەندی بەربەست لە دەرهێنانی ئەو کانزایەدا هەیە و لە دیارترینیان پێوەرە ژینگەییەکان و گۆڕانکارییەکانی بواری باجی بەرهەیمهێنانە.
هۆکاریی سێیەم هۆکارە یاسایی و گومرگییەکانە، ئەمەیان پەوەستە بەو سیاسەتانەی کە وڵاتان لەبواری گومرگ و باج و بازرگانیدا دەیگرنەبەر، لە دیارترینیشیان ئەو پێناسە گومرگیەی کە ئەمەریکا بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا سەپاندوویەتی.
هەرچی لە هۆکاریی چوارەمە، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی خواست هەیە لەلایەن کەرتی پیشەسازییەوە بۆ زیو، بەشێوەیەک کە پێشکەوتنە پیشەسازییەکان وایانکردووە بەکارهێنانی زیو لە بەرهەمەکاندا زیاتر بێت و ئەوەش خواستی لەسەر ئەو کانزایە زیاتر کردووە.
هەرچەندە ئێستا نرخی زیو لە ئاستێکی بەرزدایە بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە نرخەکەی هەروا بە بەرزی دەمێنێتەوە، چوونکە لە ڕابردوودا چەند جارێک ڕوویداوە کە نرخی زێو لە بەرزترین لووتکەوە داکشاوە و دابەزینی گەورەی تۆمارکردووە.
بۆ نموونە ساڵی 1980 نرخی زیو گەیشتە 40 دۆلار بەڵام دواتر دابەزینی تۆمارکرد و ساڵی 1993 نرخەکەی بۆ کەمتر لە چوار دۆلار دابەزی، ساڵی 2011 جارێکی دیکە نرخەکەی گەیشتەوە 40 دۆلار بەڵام لەو ئاستەدا خۆی نەگرت و دوای دوو مانگ دەستی بە دابەزین کرد، تا ساڵی 2020 بەردەوام بوو لە دابەزین و نرخەکەی بۆ کەمتر لە 12 دۆلار دابەزی.
ئەمەش وا دەکات ناوەندە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری بدەن لە دووبارە دابەزینی نرخی زیو، بەشێوەیەک کە ئەگەر هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیو کەمببنەوە ئەوا نرخەکەی بەرەو 40 دۆلار و دواتریش بەرەو 30 دۆلار ڕوو لە دابەزین دەکات.