ئیسرائیل لهوهتهی ڕاگهیاندنی ئاگربهست 129 هێرشی كردووهته سهر غهززه

بەرگریی شارستانی غەززە ڕایدهگهیهنێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، بە هۆیەوە دەیان کەسی مەدەنی بوونه قوربانی؛ هاوكات تیمەکانی فریاگوزاریش ناتوانن وەکوو پێویست کارەکانیان ئەنجام بدەن. ناوەندیی فەڵەستینی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لەوهتهی ڕاگەیاندنی ئاگربەست تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل 129 هێرشی كردووهته سهر کەرتی غەززە و له ئهنجامدا 34 کەس کوژراون، 129 کەسی دیکەش برینداربوون.
شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ناوەندیی فەڵەستینی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و لە دوایین هێرشدا 11 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمەوە کە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەنراوە، سوپای ئیسرائیل 129 هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە كردووه و له ئهنجامدا 34 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و 122 کەسی دیکەش برینداربوون.
مەحمود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاند، بە هۆی دوایین هێرشی ئیسرائیل، تەواوی ئەندامانی خانەوادەی ئەبو شەعبان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکی زەیتوون بهر هێرشهكان كهوتن و سهرجهمیان بوونە قوربانی، کە لە نێوانیاندا حەوت منداڵ و سێ ئافرەت و پیاوێک هەن؟ هەروەها گوتی، بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل تیمەکانی فریاگوزاریی وەکوو پێویست ناتوانن ئەرکەکانیان جێبهجێ بكهن بۆ گەڕان بە داوی تەرمهكان و دۆزینەوەی کەسانی بێ سەروشوێن.
بەرەبەیانی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوە چوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا لە کاتی واژۆکردنی ئاگربەستەکە گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکردەی چەندان وڵات لێرە ئامادەن بۆ ئەوەی باس لە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین. هەروەها ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.