تەندروستی سلێمانی: دۆخەكە مەترسیدارە
ژماریەك لە تووشبووانی كۆرۆنا باری تەندروستیان ناجێگیرە
K24 - سلێمانی
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و داواش لە هاووڵاتییان دەکات زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن.
یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دۆخەكە مەترسیدارە، پێویستە ھاووڵاتییان زیاتر لە ماوەی رابردوو پابەندی رێنماییەكان بن، چونكە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و پەتای بەھێزی دیكەش بڵاودەبێتەوە".
گوتیشی: "ژمارەی گیان لەدەستدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەمەش چەند ھۆكارێك لە خۆدەگرێت، یەكێك لەوانە پەتاكە بە چڕی بڵاوبووەتەوە، ھۆكارێكی دیكە ساردبوونەوەی ھاووڵاتییانە لەسەر رێنماییەكانی خۆپارێزی و چارەسەر".
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، راشیگەیاند: "ئێستا 210 كەسی تووشبوو بە كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون، نزیكەی 30 كەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە، بەداخەوە لە 24 كاتژمێری رابردوودا 8 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە".