عەلی جاف: مێتا کوردستان بە ناوی سەرۆک بارزانییەوە دەناسێت

عەلی جاف
عەلی جاف

شارەزایەکی بواری تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە کۆمپانیای جیهانی مێتاوە کردووە و ڕەزامەندی کۆمپانیاکەی وەرگرتووە زمانی کوردی لە سەنتەری وەرگرتنی پەیوەندییەکان زیاد بکەن و چەندین کارمەندی بۆ زیاد بکەن.

عەلی جاف، شارەزای تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای زیاتر لە ساڵێک پەیوەندی و هەوڵدان لەگەڵ کۆمپانیای جیهانیی مێتا، بڕیاریاندا زمانی کوردی لە سەنتەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە زیاد بکەن بۆ ئەو خەڵکانەی کوردن و دەیانەوێت بە کوردی گفتوگۆ لەگەڵ کارمەندەکانی کۆمپانیاکە بکەن، دەشڵێت: هەر کاتێک لەگەڵ کۆمپانیای مێتا پەیوەندیی دەکەین، کە ناوی کورد، یاخود کوردستان دێنین، پێمان دەڵێن: بەڵێ، وڵات و گەلی سەرۆک بارزانی.

ئەو شارەزایە دەڵێت: ئاسایشی ئەلیکترۆنی  کوردستان و دامەزراوەکانیمان پاراستووە لە هەموو هەڕەشەیەک، چەندین پێگە و وێب سایتی داعشم هاک کردووە و لەناوبردووە کە هەڕەشەبوون بۆسەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێط: دەیان کەسمان لە خۆ کوشتن ڕزگارکرد کە هەڕەشەی ئەلیکترۆنییان لێ دەکرا.

عەلی جاف پێنج کتێبی لەبارەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان نووسیووە، گرنگترینیان کتێبی لێکۆڵینەوەی پاراستنی تاوانکاریی و تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە کە باس لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان دەکات و دەبێتە بەرچاوڕوونی بۆ هاووڵاتییان و هەموو ئەوانەی لەبواری تەکنەلۆژیا کار دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment