لە غەززە، لەناو داروپەردووی جەنگدا، هیوا سەرھەڵدەداتەوە

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هیواکانی ژیانەوە جارێکی تر لە غەززە سەرهەڵدەدەنەوە. خەڵکی ئاوارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵە وێرانەکانیان و بە کەرەستەی سادە و دەستی بەتاڵ، هەوڵی پاککردنەوەی شەقامەکان و بنیاتنانەوەی ئەوەی جەنگ لێی سەندوون، دەدەن.
دیمەنی غەززە ئازاربەخشە؛ ئەو شەقامانەی پێشتر پڕ بوون لە جمووجۆڵ، ئێستا کەلاوەن. شۆفڵە بچووکەکان بە هەوڵێکی زۆرەوە کار بۆ لابردنی داروپەردووی دوو ساڵی شەڕ دەکەن. هەرچەندە دیمەنەکە خەمبارکەرە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئومێدی گەڕانەوەی ژیان و ئاوەدانی هەڵگرتووە.
دانیشتووان لە کاتی کارکردندا بۆ کوردستان24ـ دەدوێن و باس لە کەمیی پێداویستییەکان دەکەن. یەکێک لە دانیشتووان دەڵێت: "ئەو کەرەستانەی لەبەردەستماندان بەگوێرەی پێویست نین، پێویستمان بە ئامێری قورس هەیە بۆ لابردنی ئەو هەموو پاشماوەیە و کردنەوەی ڕێگەکان، چونکە ئێرە بەتەواوی وێران بووە."
سەرەڕای ئەمەش، هیواکانیان لەدەست نەداوە. یەکێکی دیکە لەناو وێرانەکاندا بەدوای پاشماوەی کەلوپەلەکانیدا دەگەڕێت و دەڵێت: "لێرە بەدوای کەرەستە و کەلوپەلەکانی خۆمدا دەگەڕێم، شتێک بەکەڵکی زستان بێت، بەڵام زۆربەی شتەکان لەناوچوون و تێکشکاون."
کردنەوەی ڕێگەکان لە غەززە تەنیا کارێکی ئەندازیاری نییە، بەڵکو پێویستییەکی مرۆییە. هەر مەترێک داروپەردوو لادەبرێت، هیوا بۆ ڕزگارکردنی بریندارێک یان گەیاندنی هاوکاریی بۆ خێزانێک زیندوو دەکاتەوە. خەڵک بە چاوێکی پڕ لە خەمەوە بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەڵێن: "جەنگ زۆر خراپە و هەموو شتێکی لەناوبرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەپێوە دەوەستین و ناکەوین، بەم دەستانەی خۆمان ئاوەدانی دەکەینەوە."
چیرۆکی غەززە لە وێرانکارییەکانی جەنگدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لەگەڵ پاککردنەوەی هەر شەقامێک و لابردنی هەر بەردێک، چیرۆکێکی نوێی ئاوەدانی و گەڕانەوەی ژیان دەست پێدەکات.