لە سلێمانی بهبڕی زیاتر له 185 ملیۆن دینار پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا جێبەجێ دەكرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی ئۆکتۆبەری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆژەیەکی نوێی خزمەتگوزاریی کارەبا بە بڕی زیاتر لە 185 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. بودجەی پرۆژەکە لەسەر داهاتی سەدا 8ـی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی-ڕۆژهەڵات دابین کراوە و دوو ناوچەی گرنگ دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی وردەکاریی پرۆژەکەی ڕاگەیاند و گوتی: گەیاندنی تۆڕی کارەبا و دانانی وێستگەیەکی گۆڕەڕ (محاویلە) بۆ گوندی "ئاڵەک" لە ناحیەی چوارتا لەگەڵ ڕاکێشانی هێڵی کارەبا و دانانی دوو وێستگەی گۆڕەڕ بۆ گەڕەکی "قڕگەی 2".
ڕاشیگەیاند، بودجەی تەرخانکراو 185 ملیۆن و 201 هەزار دینارە و لایەنی سەرپەرشتیاریش بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی- ڕۆژهەڵات. هەروەها کۆمپانیای جێبەجێکاریش کۆمپانیای "بەرکێوە" و بڕیارە لە ماوەی 90 ڕۆژدا پرۆژەکە تەواو بکرێت.
پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە، یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بەگوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.
بەشێوەیەکی گشتیی دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ژینگەی گەڕەک و شارەکان.