ئەعرەجی: خاک و ئاسمانیی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار نایێت

ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتی کردەوە، عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاک و ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران یان هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
ئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕایگەیاند: عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاک یان ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران یان هەر وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت. هاوكات جەختی لە پابەندبوونی تەواوی بەغدا بە ڕێککەوتننامە ئهمنییهكهی لەگەڵ تاران کردەوە.
ئەعرەجی گوتیشی: حکوومەتی عێراق کار بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و ڕێگریکردن لە هەر گرژییەک دەکات کە لەوانەیە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق سکاڵایەکی فەرمی دژی ئیسرائیل پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە. ڕوونیشیکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی و لە دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی وڵاتان، هەڵوێستی بەغدای دووپات کردەوە کە ڕەتی دەکاتەوە ئاسمانیی عێراق بۆ هێرشكردنه بۆ سەر ئێران. بەکار بێت.
ههروهها گوتی: بەشداریکردنی عێراق لە لووتکەی شرم شێخ بە ئامانجی ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکان بوو لە غەززە، ئەمڕۆ ناوچەکەمان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل دەناڵێنێت، نابێت ڕێگە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززه بدرێت.
ئەعرەجی ڕوونیشی کردەوە، عێراق دژی سەپاندنی هەر جۆرە سزایەکە بەسەر وڵاتانی دیکەدا، ئێمە بڕوامان وایە کێشەکان دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.
هاوكات لاریجانی گوتی: زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ میوانداری ئەعرەجی دەکەین، عێراق وڵاتێکی دۆست و برای ئێمەیە، ئەعرەجیش یەکێکە لە پێشەنگەکانی ئەم پەیوەندییانە.
لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک پرسی گرنگی ئەمنیمان لەگەڵ ئەعرەجی تاوتوێ کرد، پێداچوونەوەمان بەو بابەتانە کرد کە لە کاتی سەردانەکەی پێشووم بۆ بەغدا خستمانە ڕوو، بەڵام تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ئەمجارە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.