ئەگەری دواخرانی دیداری ترەمپ و پوتن هەیە

سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (کۆشکی سپی) ئاشکرای کردووە، ئەگەر هەیە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە هەنگاریا، بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.
سەرچاوەکەی کۆشکی سپی بێ ئەوەی هیچ وردەکاریی و هۆکارێک بدرکێنێت، بە ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، لەوانەیە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، و ڤلادیمیر پوتن، لە بوداپست دوا بکەوێت، تەنیا ئاماژەیداوە، ئەگەر هەیە دیداری لووتکە ڕووسیا و ئەمەریکا بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
جیا لە ئەگەری دواخرانی دیداری لووتکەی ئەمەریکا و ڕووسیا؛ کۆبوونەوەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بەڕێوە بچێت، ئەمیش بۆ کاتێکی نادیار دوا خراوە.
سەرچاوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەیداوە، بڕیاربوو ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ، دەربارەی کۆتایهێنانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆ بکەن.
ترەمپ، لە 16ـی تشرینی یەکەم، بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتن بۆ دوو کاتژمێر و 30 خولەک دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا گفتوگۆیان کرد.
ترەمپ، ڕایگەیاندبوو "سەرەتا کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکارانی باڵا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکرێت و دواتر خۆی و پوتن لە بوداپست کۆدەبنەوە."
هەینی 15ـی ئابی ئەمساڵ، دیداری لووتکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا و لە فڕۆکەخانەی بنکەی هاوبەشی ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن بەڕێوەچوو، کە ئەجێندای سەرەکی لووتکەکە کۆتایی هێنان بوو بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.