بۆ یەکەمجار، قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبنە خاوەنی پێناسی دیجیتاڵی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، پرۆژەی دەرکردنی پێناسی دیجیتاڵی بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند، ئەم پێناسە ئەلیکترۆنییە، کە لە 13 ژمارە پێکدێت، ئاسانکارییەکی بەرچاو بۆ قوتابیان لە ڕاییکردنی کاروباری خوێندن و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە حکوومییەکان دەکات.

بروسک ئاوات، بەرپرسی تیمی گەشەپێدانی دیجیتاڵی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ساڵی 2021ەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە سیستمی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و زیاتر لە دوو ملیۆن 100 هەزار کەسیش خاوەنی پێناسی دیجیتاڵین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە 2021ەوە، سەرەتا بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستمان پێکرد، دواتر بۆ ئەوانەی کە خاوەنی بزنس و بازرگانی خۆیانن، پاشان بۆ شۆفێرانی تاکسی، دواتر بۆ پارێزەران. لەم دواییانەشدا بۆ ئەوانەی کە خولیای چوونە حەجیان هەبوو خۆیان لە ڕێگەی پۆرتاڵی حەج ناونووس کرد بۆ ئەوانیش ڕاگەیەندرا.

بروسک ئاوات گوتیشی: لێرە بەدواوە یەکێک لەو پلان و پێکهاتانەی تر کە ئامانجمانە پێناسی دیجیتاڵییان هەبێت، خوێندکارانی زانکۆن، بەتایبەتی خوێندکارانی ئەو زانکۆیانەی کە حوکمین، دەشلێت: لە سوودەکانی ئەوەیە یەکەم شت بەردەستخستنی (KRD Pass)ـە کە ئەپی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە بەرهەم هێنراوە، کە لە ڕێگەی (KRD Pass)ـەوە وەک دەروازەیەک بۆ دەستپێگەیشتنی کۆی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەپەکەوە دەتوانێت دەستی بەو خزمەتگوزارییانە بگات.

بەرپرسی تیمی گەشەپێدانی دیجیتاڵی باسی لەوەشکرد، بۆ بەکارهێنانی (KRD Pass) پێویستت بە پێناسی دیجیتاڵی دەبێت، ئەو خوێندکارانەی کە خۆیان تۆمار دەکەن بۆ پێناسی دیجیتاڵی، لێرە بەدواوە دەتوانن سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی (KRD Pass) و دەتوانن ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەندیدارن بە خوێندنەوە بە شێوازێکی ئاسان بۆیان بەردەست بێت لە ماوەی داهاتوودا.

بروسک ئاوات ئەوەشی گوت: سوودێکی تری بریتییە لەوەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا کار بە پڕۆسەیەک دەکات کە پێی دەڵێن پڕۆسەی بۆلۆنیا، ئەوەش ستانداردێکی ئەوروپییە و هەوڵدەدات خزمەتگوزارییەکانی خوێندن باشتر بکات بۆ کەرتی گشتی لە زانکۆ و کۆلێژەکاندا، بۆیە لێرە بەدواوە سیستمێک هەیە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری دروستی کردووە، ئەویش بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی بۆلۆنیایە کە خوێندکاران لێیەوە دەتوانن تاقیکردنەوەکانیان، پلەکانیان، ئەزموونەکانیان لەگەڵ ئەو ماددانەی کە پێویستن بۆ خوێندن، لێیەوە بەکاری بهێنن.

جەختیشی کردەوە، بۆ چوونە ناو ئەو سیستمە ئۆنلاینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێویستت بە چوونە ژوورەوە لە ڕێگەی (KRD Pass)ـەوە دەبێت کە دیسان پێویستت بە پێناسی دیجیتاڵی دەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت ئەو پلاتفۆرمە بەکار بهێنیت.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی وەرگرتنی پێناسی دیجیتاڵی بە شێوەیەکی سادە و خێرا داڕێژراوە. قوتابیان دەتوانن سەردانی یەکێک لە 25 بنکە دیاریکراوانەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، بکەن. بە هێنانی پێناسی زانکۆ، کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت، دەتوانن لە ماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا پرۆسەکە تەواو بکەن و ببنە خاوەنی پێناسی دیجیتاڵی خۆیان. کە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار قوتابی خۆیان تۆمار کردووە.

بەرپرسی تیمی گەشەپێدانی دیجیتاڵی دەشڵێت: لەم قۆناغەدا پرۆژەکە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکان دەگرێتەوە، بەڵام پلانی داهاتوو ئەوەیە کە قوتابیانی کەرتی تایبەت و تەنانەت هاووڵاتیانی بیانی دانیشتووی هەرێمیش بگرێتەوە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی سیستمی کاغەز بۆ سیستمی دیجیتاڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خێراتر و ئاسانتر بە هاووڵاتیان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment