سعودیە دەرگای عومرە بەڕووی خەڵکی بیانی دەکاتەوە
تەنیا رێگە بە 20 هەزار کەس دەدرێت

K24 - هەولێر
بۆ یەکەمجار لەدوای چەند مانگێک، سعودیە رێگە بە خەڵکی دەرەوەی وڵاتەکەی دەدات رووبکەنە سعودیە بۆ ئەنجامدانی عومرە.
کەناڵی هەواڵیی سعودیە رایگەیاند قۆناغی سێیەمی گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی عومرە، لە نیوەشەوی یەکشەممە بە کاتی مەککـە دەستپێدەکات.
رێگەگرتن لە موسڵمانان لەوەی عومرە بکەن، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. سعودیە ئەمساڵ تەنانەت بۆ حەجیش تەنیا رێگەی بە 10 هەزار کەس دا بە رێنمایی توندی تەندروستی، حەج بکەن، لەکاتێکدا ساڵی 2019 نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس حەجیان کردبوو.
لەو قۆناغەدا سعودیە رێگە دەدات 20 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتەکە و بیانیش، بەشداری لە مەراسیمەکانی عومرە بکەن، ئەمەش بە پەیڕەکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا.
یەکەم کاروانی عومرەکاران ئەمڕۆ یەکشەممە (1-11-2020) دەگەنە شاری جیدە لە رۆژئاوای سعودیە.
سعودیە پلانی هەیە بە چوار قۆناغ عومرە ئاسایی بکاتەوە بەمشێوەیە:
1 - قۆناغی یەکەم لە چواری تشرینی یەکەم بوو، سعودیە رێگە بە شەش هەزار عومرەکار دا کە خەڵکی سعودیە بوون.
2 - قۆناغی دووەم لە 18ـی تشرینی یەکەم بوو، رێگە بە 15 هەزار هاووڵاتی سعودی و دانیشتووی وڵاتەکە درا، عومرە بکەن.
3 - قۆناغی سێیەم ئەمڕۆ دەستپێدەکات و رێگە بە 20 هەزار کەس لە ناوەوە و دەرەوەی سعودیە دراوە عومرە بکەن.
4 - لە قۆناغی چوارەمدا دەرگای عومرە بەڕووی 100٪ـی خەڵکی سعودیە و موسڵمانانی جیهان دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەمە کەی روودەدات. بەرپرسانی سعودیە چاوەڕوانن چیدی کۆرۆنا هەڕەشە لە ژیانی خەڵک نەدات تاوەکو ئەو بڕیارە بێ دوودڵی بدەن.