ڕوبیۆ و سوودانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کردووهتهوه و به سهرۆك وهزیرانی عێراقی ڕایگەیاندووه، ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و بازرگانانی ئەمەریکی و عێراقی.
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە و ڕوبیۆ و سوودانی باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوانیان کردووەتەوە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی هەناردەکردنەوەی نەوت (نهوتی هەرێمی کوردستان)، لە بەندەری جەیهان پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سوود بە ئابووریی عێراق، تورکیا و ئەمەریکا دەگەیەنێت.
لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا، مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لە گرنگیی دەستبەجێی چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانە کردەوە، کە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق، هەڕەشە بۆ سەر ژیان و بازرگانی ئەمەریکی و عێراقییەکان، تاڵانکردنی سەرچاوە داراییەکان.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: وەزیری دەرەوە پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وەک پاراستنی سەروەریی عێراق، پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان دووپات کردەوە.