هیوا ئەفەندی: دەمانەوێت زۆرترین خزمەتگوزاری لە بەرنامەی KRDPASS کۆبکەینەوە

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرنامەی (KRDPASS)ـیان دەست پێکرد بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پاسوۆردەکانیان لەبەر نەکەن، لەو پلاتفۆرمە هەڵیبگرن. دەشڵێت: دەمانەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی باج، سیستەمی تەندروستی و تاپۆش بە دیجیتاڵی بکەین و هەموو ئەم بەرنامانە لە (KRDPASS)، کۆبکەینەوە.

سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری ئاڵوگۆڕی ئەزموون ڕایگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی داتاکانی حکوومەتی هەرێمیان دەستی پێکردووە و هەمیشە کاریان بۆ گۆڕینی فایلەکانی حکوومەت بۆ داتا کردووە.

باسی لەوەش کرد، بە سوودوەرگرتن لە ئامێر و مۆبایلی زیرەک، بەرنامەی (KRDPASS)ـیان دەست پێکرد بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پاسوۆردەکانیان لەبەر نەکەن، لەو پلاتفۆرمە هەڵیبگرن، هاوکات لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە داتاکان بە پارێزراوی دەگوازرێنەوە بۆ دامەزراوەکان.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئێستا سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانمان، سیستەمی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانمان هەیە، دەمانەوێت پرۆسەی باج و سیستەمی تەندروستی و تەنانەت تاپۆش بە دیجیتاڵی بکەین و هەموو ئەم بەرنامانە لە (KRDPASS)، کۆبکەینەوە.

هەر ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حكوومه‌تی ئیمارات سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە دیداری ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە هەولێر بەشداریان کرد و تێیدا جەخت لە پتەوترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان هەردوولا کرایەوە؛ هاوکات ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان كار ده‌كه‌ن و ئیماراتیش خوازیاری زیاتری وەبەرهێنان و هاوبەشییە له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment