ترەمپ: ئاشتیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێنا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرارە و چاوەڕوانی سەرکەوتنی زیاترە، هاوکات جەختیشی کردەوە هێشتا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە ئارادایە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و گوتی: "ئێمە ئێستا ئاشتیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و چاوەڕوانی سەرکەوتنی زیاتریش دەکەین."

هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی بزووتنەوەی حەماس کرد و ڕایگەیاند: "حەماس ڕێکخراوێکی خراپە و ئەگەر پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبێت، دەتوانین بە خێرایی لەناوی بەرین."

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ترەمپ ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هیندستان، باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە. ئاماژەی بەوەشدا "هیندستان پێی ڕاگەیاندوون کە بڕێکی زۆر نەوتی ڕووسیا ناکڕێت و خوازیاری کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکرانیایە."

سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ترەمپ دووپاتی کردەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و گوتی: "نامەوێت کۆبوونەوەیەکی بێمانا ئەنجام بدەم."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment