ئۆکرانیا کۆگایەکی ماددە کیمیاییەکانی ڕووسیای مووشەکباران کرد

ئۆکرانیا بە مووشەکی ستۆرم شادۆ هێرشی کردە سەر کارگەیەکی ماددەی کیمیایی لە ناوچەی بریانسکی لە باشووری ڕووسیا.

درەنگانی شەوی سێشەممە 21ی ئۆکتۆبەری 2025، دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە دەستەکە ڕایگەیاند، لەو هێرشەدا توانراوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی تێپەڕێندرێت و کارگەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی بە ئامانج بگرن، کە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی بارووت و تەقەمەنیی و سووتەمەنی مووشەک بووە.

ستۆرم شادۆ مووشەکێکی جۆری کرووزی دروستکراوی ئینگلیزی - فەرەنسییە، کە توانای بڕینی 250 کیلۆمەتری هەیە و فەرەنسییەکان ناویان ناوە «سکالپ»، هەروەها یەکێکە لەو مووشەکە نموونەیانەی بۆ تێکشکاندنی کۆگاکانی تەقەمەنی بەکار دەهێنرێت.

بەریتانیا و فەرەنسا پێشتر ئەم مووشەکانەیان بە ئۆکرانیا داوە، بە مەرجی ئەوەی  تەنیا لە سنووری ناوخۆی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لەخۆی بەکاری بهێنێت، نەک بیکاتە چەکێکی هێرشکردنە سەر دەرەوەی سنوورەکانی.

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بڵاوکراوەیەکدا لە تێلێگرام ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند لە چوار کاتژمێردا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، توانیویانە 57 درۆنی ئۆکرانی لەسەر ناوچەی بریانسک تێک بشکێنن.

 
Fly Erbil Advertisment