لە ئیدلب شەڕ و پێکدادان لە نێوان جیهادییە فەرەنسییەکان و ئاسایشی سووریا ڕوویدا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکوومەتی سووریا هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوانیان بۆ سەر "کەمپی فەرەنسیەکان" لە شاری حارم لە ڕۆژئاوای ئیدلب دەستپێکرد. ئەمەش بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی کەتیبەی "غورەبا" کە عومەر ئۆسەمینی فەرەنسی بە ڕەچەڵەک سەنیگالی سەرۆکایەتی دەکات.
لە میانی هەڵمەتەکەی ئاسایش شەڕ و پێکدادان دروست بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کۆچبەر و کارمەندی ئەمنی فەرەنسی لە کاتی هێرشکردنە سەر کەمپەکە کوژراون و بریندار بوون. هەروەها دوو جیهادی فەرەنسیش دەستگیرکران.
ئاسایشی گشتی سووریا ڕایگەیاندووە، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە دەستگیرکردنی ئۆسەمین و کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو بووە لەناو کەمپەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیابوون لە سەلامەتی ئافرەتان و منداڵانی ناو کەمپەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی پێکدادانەکان، سەرچاوەکانی ناو کەتیبەی فەرەنسییەکان ڕایانگەیاند، ئامانج لەو هێرشە، هەڵوەشاندنەوەی کەتیبە و ڕادەستکردنی سەرکردە و ئەندامانی کەتیبەکەیە بە فەرەنسا.
ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دژ بە کەتیبەی فەرەنسییەکان لە حارم، لەکاتێکدایە کە بە شوێن هەموو ئەو کۆچبەرە بیانیانەی لە پارێزگای ئیدلب نیشتەجێن، دەگەڕێن.
هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بەڵێنی بە فەرەنسا داوە کۆتایی بە بوونی جیهادییە فەرەنسییەکان لە سووریا بهێنێت و ڕادەستی پاریسیان بکاتەوە. هەروەها شەرع بەڵێنی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیاش داوە، قۆناغ بە قۆناغ کۆچبەرانی ڕووسی و چیچانی ڕادەستی ڕووسیا بکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕاپەڕین لە دژی حکوومەت و هێزەکانی سووریا بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە گرووپی کۆچبەرانی فەرەنسی لە حارم، "غورەبا"، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوی کردەوە و تیایدا هاتووە، حکوومەتی ڕاگوزەر پلانێک بۆ نەهێشتنی کۆچبەرانی بیانی بە هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکات، سەرەتاش بە کۆچبەرانی فەرەنسی دەستیپێکردووە.