37 ساڵە 52 هەزار قوربانی جەنگی عێراق – ئێران چارەنووسیان نادیارە

ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 37 ساڵ بەسەر جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران و سەرەڕای ئاڵوگۆڕی ڕوفاتەکان، کەچی ئێستاش زیاتر لە 52 هەزار کەس بێسەروشێنن و چارەنووسیان نادیارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەبا عەدنان، گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق، ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ڕوفاتی سەربازان و قوربانیانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بە هاوکاریی لایەنە پەیەندارەکانی هەردوو وڵات، دوای ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ناسننامەکانیان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 5ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، دوای ئەوەی لە لایەن تیمی تەکنیکی هەردوولا کاری پشتڕاستکردنەوە و ناسینەوەی ناسنامە بۆ 118 ڕوفات کراوە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕ لەنێوان عێراق و ئێران کراوە، کە 70 ڕوفات عێراقی و 48 ڕووفاتەکەی دیکەش ئێرانی بوون.
باسی لەوەشکردوە، بەشێک لە ڕوفاتەکان، لە ناوچە دوورەدەستەکان و ئەو ناوچانە بوون کە شەڕوپێکدادانی قورس تێیدا ڕوویداوە، گوتیشی: کاری گەڕان و دۆزینەوەیان قورسە، جیا لەمەش تۆمار و زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییە، ئەمەش وایکردووە کاری تیمەکان قورستر بن.
جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە 22 ئەیلوولی 1980 دەستی پێکرد، کاتێک هێزەکانی عێراق بە درێژایی سنوور، هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای ئێران، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕژێمی پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە 4ـی مانگی 9 ـی هەمان ساڵ، جەنگەکە دەستیپێکردووە، کاتێک ئێران ژمارەیەک خاڵی سنووری عێراقی بۆردومان کردووە.
جەنگەکە لە 8ـی 8ـی ساڵی 1988 بە ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات کۆتاییهات، هەرچەندە هێزەکان کشانەوە و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی پێش جەنگ، بەڵام تاوەکوو 16 ئابی 1990 لایەنەکان ڕێککەوتنێکی فەرمییان واژۆ نەکرد.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس لەو جەنگە کوژراون، هەروەها 340 هەزار سەربازی عێراقی و نزیکەی 730 هەزاریان سەربازانی ئێرانی بوون، زیانە ماددیەکانیش بە 400 ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەخەملێنرێن.