دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24، کارگەیەکی زەیتی زەیتوون لە هەولێر داخرا

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و هۆبەی ئابووری، بە هەماهەنگی لەگەڵ چاودێری بازرگانی، دەست بەسەر کارگەیەکی نایاساییدا گیرا کە زەیتی زەیتوونی ساختەی بەرهەمدەهێنا.
دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24، کارگەیەکی زەیتی زەیتوون لە هەولێر داخرا، ئەم کارگەیە لە گەراجێکدا ڕۆنی خەستیان لەگەڵ ڕەنگ و بۆنی دەستکرد تێکەڵ دەکرد و وەک زەیتی زەیتوون دەیانفرۆشت، بەرهەمەکە بە ناوی "زەیت زەیتونی ابو حوسێن شقلاوە" لە بازاڕەکاندا ساغ دەکراوە، هەروەها مێژووی بەرهەمهێنانی بۆ ساڵی 1964 دەگەڕایەوە، کە ئەمەش بۆ چەواشەکردنی کڕیاران بووە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بەکوردستان24ـی گوت: کارگەکە خۆی بە کارگە دانەنرابوو، کۆگایەک بوو بۆ دروستکردنی ڕۆنەکە. ئێمە دامانخست.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوونمان کرد و زانیمان لەناو شاری هەولێر شوێنێکیان هەیە و ئەو زەیتەی لێ دەفرۆشن، دەستبەجێ دەستمان بەسەردا گرت، چونکە ئەو زەیتە شیاوی خواردن نییە. ئەو شوێنەمان دۆزییەوە کە لەسەر ڕێگەی کۆیە بوو.
هۆگر عەلی باسی لەوەشکرد، ئەم زەیتە شیاوی خواردن نییە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین، کە هەر کەسێک ئەم بەرهەمەی کڕیوە، دەتوانێت پسوڵەکەی بهێنێتەوە و پارەکەی وەربگرێتەوە، هەروەها ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر شوێنێک دەگیرێتەبەر کە ئەم بەرهەمە ساختەیە بفرۆشێت.