بەفر شاری وانی باکووری کوردستانی سپی کرد

یەکەم شەپۆلە بەفری پاییزی ئەمساڵ شاخ و بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری وانی باکووری کوردستانی سپی پۆش کرد، دیمەنەکان سەرنجی دانیشتووانی شارەکەی ڕاكێشاوە و بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی وەرزی سەرمای ئەمساڵی دەزانن.
دوو ڕۆژە بەلێزمە باران ناوەندی وانی گرتووەتەوە، بەڵام بەهۆی زیاتر دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچە بەرزەکان، بارانەکە بۆ بەفر گۆڕاوە، بەڵام ئاستی بەفر بارینەکە جیاوازە و لە دەربەندی کارابێت بەراورد بە شوێنەکانی دیکە زیاترە و گەیشتووەتە 25 سانتیمەتر.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بەهۆی بەفر بارینەکەوە، گرفت بۆ هاتوچۆی ڕێگەی نێوان وان - باخچەسەرای دروست بووە، بەڵام تیمەکانی شارەوانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەن و کردنەوەی ڕێگە دەستیان بە ڕاماڵینی بەفر کردووە.
هەروەها شۆفێران بەهۆی بەفر و تەمی چڕەوە بە سەختی هاتوچۆ دەکەن و هەندێکیان ناچار بوون بۆ ماوەیەکی کاتی لە قەراغ ڕێگە بووەستن.
یەکێک لە شۆفێرەکان بە ناوی زەکی ئیلتەمیش، بەبۆنەی یەکەم بەفری وەرزەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە و ئاماژەیداوە: "بە ئاسانی لە باخچەسەرایەوە گەیشتووەتە دەربەندی کارابێت، تیمەکان بە چڕی کار دەکەن. ئەمە دەسپێکی زستانە و وەرزێکی سەخت دەبێت."