لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبوونەوەی کرێی خانوبەرە هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرێی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون بەجۆرێک گران بووە، کە هەر خێزانێکی کرێنیشین دەبێت، نزیکەی %70ـی داهاتی مانگانەی تەنیا بە کرێی مانگێکی شوێنی نیشتەجێبوونیان بدەن؛ بەڵێندەرێکی دروستکردنی خانووبەرەش بێ ئومێد بووە لەوەی حکوومەت بتوانێت دۆخەکە جڵەوگیر بکات.

عەبدوڵڵا مام عەبدوڵڵا بەڵێندەرێکی دروستکردنی خانووبەرەیە و دەڵێت "حکوومەت ناتوانێت چاودێری دۆخەکە بکات، ڕاستە بە زارەکی دەڵێت من چاودێری دەکەم، بەڵام بە کردەیی هیچی لەدەست نایەت و پێ ناکرێت، لە کاتێکدا ئەرکی حکوومەتە و پێویستە کارێک بکات و ئەم دۆخە بگۆڕێت".

سەرباری گرانبوونی کرێی خانووبەرە، نرخی ئازووقە و خۆراکیش بەڕادەیەک بەرزبووەتەوە و گرانی و قەیرانی ئابووریی و دارایی تەنگی بە چینی کرێکار و کەمدەرامەت هەڵچنیوە. لوقمان خزری کە هەم کرێنشینە و هەم کرێکار دەڵێت " هیچ شتێکمان لە دەستدا نییە، ناتوانین خانوو بە کرێ بگرین، داوا لە حکوومەت دەکەم ئاگاداری خەڵکی هەژار بێت،  کرێکار ڕۆژانە بە یەک ملیۆن تومەن کار دەکات، کیلۆیەک گۆشت بە 800 هەزار تومەنە، چۆن مانگی 15 ملیۆن تومەن کرێی خانوو دابین بکات".

هاووڵاتییەک کە ئۆتۆمبێلی باریی هەیە، باس لە قەیرانی دارایی و هەڵاوسانی ئابووری دەکات، هەروەها حکوومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بازاڕی خانووبەرە.

ناسر سوڵتانی دەڵێت : هۆکاری سەرەکی دۆخەکە هەڵاوسان و نەبوونی چاودێریی حکوومەتە بەسەر زێدەڕۆیی خاوەن خانووەکان".

دۆخی ئابووری ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل دژ بە ئێران، دواتریش گەڕاندنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، گرانی و قەیرانێکی وای لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە، کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێشینەی نەبووە.

کاریگەریی دۆخەکەش بەسەر ئەو خێزانانەی کرێنشینن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زەق بووەتەوە، بەپێی ئاماری فەرمیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ڕێژەی هەژاری لەناو خێزانە کرێ نشینەکاندا گەیشتووەتە 80 بۆ 90%، ئەمەش وایکردووە، ناچار بن بەشێک لە خەرجییەکانیان بۆ جلوبەرگ، گەشتکردن و تەنانەت تێچووی دەرمان و بەشێک لە خۆراکەکانی وەکوو گۆشت کەم بکەنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment