قەیرانی ئابووریی هەڕەشە لە ئێران دەکات

شارەزایان و بەرپرسانی ناوخۆی ئێران هۆشداری دەدەن لەوەی ئابووریی وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی تێکەڵەیەکی مەترسیداری "هەڵاوسانی بەرز و پاشەکشەی گەورە" بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وایکردووە بژاردەکانی بەردەم دەسەڵاتداران زۆر سنووردار بوون.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سێ بەرپرسی باڵای ئێران نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە، تاران پێیوایە ئەمەریکا، هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی و ئیسرائیل، سزاکان توندتر دەکەنەوە بە ئامانجی وروژاندنی نائارامیی ناوخۆیی و خستنە مەترسییەوەی مانەوەی کۆماری ئیسلامی.

ئەو بەرپرسانە ئاشکرایان کردووە، لە دوای سەپاندنەوەی سزاکان لە 28ـی ئەیلوولەوە، دەسەڵاتداران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزیان بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی گشتیی ئەنجامداوە.

زیادبوونی کەلێنی ئابووری لەنێوان خەڵکی ئاسایی و چینی دەسەڵاتدار، ناڕەزایەتییەکانی قوڵتر کردووەتەوە. خراپ بەڕێوەبردنی ئابووریی، هەڵاوسانی بەردەوام و گەندەڵیی بەربڵاو، هۆکاری سەرەکیی ئەم تووڕەییەن.

یەکێک لەو سێ بەرپرسە بە ڕۆیتەرزی وتووە: "دەزگای دەسەڵاتدار دەزانێت ناڕەزایەتییەکان حەتمین. تەنیا مەسەلەی کاتە. قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە، لە کاتێکدا بژاردەکانی ئێمە سنووردارتر دەبن."

لەم دۆخەدا، سەرکردایەتیی ئێران زیاتر پشت بەوە دەبەستێت کە ناوی ناوە "ئابووریی خۆڕاگری". ئەم ستراتیژییە ئامانجی گەیشتن بە خۆبژێوی و پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە لەگەڵ چین، ڕووسیا و وڵاتانی دراوسێ. مۆسکۆ و پەکینیش پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی ئێران لە وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانە دووپات کردووەتەوە.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، شیکارەوانان هۆشداری دەدەن و پێیان وایە ئەم ڕێوشوێنانە بەس نین بۆ پاراستنی وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران کە نزیکەی 92 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

ئومێد شوکری، شرۆڤەکاری بواری وزە، ڕایگەیاند، کاریگەریی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان "توند و فرەلایەن" دەبێت و کێشە پێکهاتەیی و داراییە درێژخایەنەکانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە.

شوکری گوتیشی: "حکومەتی ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەتر دەبێتەوە لە پاراستنی سەقامگیریی ئابووریدا. سزاکان سیستەمی بانکی پەکدەخەن، بازرگانی سنووردار دەکەن و هەناردەی نەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە، کەمدەکەنەوە. هەمووو ئەمانەش دەبنە هۆی زیادبوونی فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان."

ئەم دۆخە دوای داڕمانی ئەو دانوستانانە دێت ئامانج لێی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پڕۆژە مووشەکە بالیستییەکەی بوو. سەرەڕای ئەم چەقبەستووییە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ ڕەتکردەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment