عراقچی: ئێران ناگەڕێتەوە دانوستانەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە تاران ناگەڕێتەوە دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەمەریکا داواکاریی نادادپەروەرانەی هەبێت، لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەستە بە گفتوگۆکان ناکەن.
ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی داواکارییە زێدەڕۆیییەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە تەواوی ڕاوستاون و هیچ پێشڤەچوونیان بە خۆوە نەبینیوە.
چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، عراقچی ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیر پەیوەندییان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، و دووپاتی کردەوە، ئێران هەمیشە پابەند بووە بە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە.
هەروەها مانگی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، پێشتر چەندین پەیامێکیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیەنراوەتە واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام ئەمەریکییەکان وەڵامیان نەداوەتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فاتیمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، باسی لەوە کردبوو، بەرپرسانی ئەمەریکی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون کە ئێران لە کاتی کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک پێشنیازیان کردبوو.
ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ئیسرائیل، ئێران بە پێشێلکاری ڕێککەوتنی 2015 تۆمەتبار دەکەن، بەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، لای خۆشیەوە ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
تاران و واشنتن دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران دوای پێنج گەڕ دانوستانەکانیان ڕاگیراون و تاوەکوو ئێستا دەستیان پێ نە کردووەتەوە.