بەقایی: سیاسەتی زۆرەملێی ئەمه‌ریکا كێشه‌ی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست كردووه‌

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سیاسەتی تاکلایەنە و زۆرەملێیانەی ئەمه‌ریکا مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نێودەوڵەتیی دروست ده‌كات؛ ده‌شڵێت، بێبەڵێنی بەرانبەر ئێران کراوە.

چوارشه‌ممه‌، 22ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، ئاژانسی (ئیرنا)ـی ئێرانی بڵاوی كرده‌وه‌، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تاکلایەنگەرایی دوژمنکارانەی ئەمه‌ریکا نەک بە تەنیا ئاسایشی نیودەوڵەتیی خستوەتە مەترسییەوە، بەڵکوو بەرهەمهێنەری شێوازێکی مەترسیداریشە.

بەقایی گوتووشیه‌تی: ئەمه‌ریکا بە شەڕی پێناسە گومرگییەکان و ڕێگاکانی دیكه‌ هەوڵ دەدات زۆرەملێ بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنێت، گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگیش نیشانەی ئەم دۆخه‌یه‌.

گوتەبێژی دەرەوەی ئێران لە بارەی سناپباک لە ڕێککەوتنی ئه‌تۆمی، جەختی کردەوە کە سناپباک لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا نییە، دەستەواژەیەکی داتاشراوە تا لایەنی بەرانبەر لە کاتی پێشێلکاریدا بتوانێت بڕیارنامەکان بگەڕێنێتەوە، چونکە هیچ لایەکمان متمانەمان بە یەکدی نەبوو.

بە گوتەی بەقایی: هیچ ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوە نەکردووە، بەرنامەی ئه‌تۆمی ئێران بەرەو چەکسازیی دەڕوات. گوتیشی: "ئێمە بە دڵسۆزییەوە بەڵێنەکانمان جێبەجێ کرد، بەڵام لایەنی بەرانبەر پابەندیی بەڵێنەکانی نەبوو."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جه‌ختیشی كرده‌وه‌، توانای بەرگەگرتنی ئێران سەلمێنراوە، بەڵام پێویستە خۆمان زیاتر بەهێز بکەین.

 
 
Fly Erbil Advertisment