بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی بازرگانی بە مرۆڤ لە عێراق؛ ئامارەکان شکستێکی گەورەی حكوومهتی عێراق ئاشکرا دەکەن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دان بەوەدا دەنێت کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا 163 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤی هەڵوەشاندووەتەوە، هەر چەندە وەزارەتەکە ئامارەکان لەژێر ناوی "دەستکەوت" بۆ خۆی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەرخەری شکستێکی گەورەی حکوومەتە لە پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکە.
چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە لێدوانێکدا وردەکارییەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 96 تۆڕی دەستدرێژیی سێکسی، 14 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، 21 تۆڕی ڕفاندن بۆ دەرەوەی وڵات و 16 تۆڕی فرۆشتنی منداڵان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەڵبوەشێننەوە.
چاودێران پێیان وایە، ئەم ژمارە زەبەلاحەی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پرسیارێکی جەوهەری دروست دەکات، ئەویش ئەوەیە؛ ئەگەر تەنیا لە ماوەی دە مانگدا 163 تۆڕ هەڵوەشێنرابنەوە، ئاخۆ چەندین تۆڕی دیکە بە ئازادی لە شار و شارۆچکەکانی عێراقدا کاردەکەن و ژیانی هەزاران هاووڵاتییان کردووەتە دۆزەخ؟
ئەم دەستکەوتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بنەڕەتدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بەو ڕاستییە تاڵەی کە عێراق بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەرە ترسناکەکانی بازرگانی بە مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق هێشتا لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لەم بوارەدا، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بەدەست هەژاری و بێکارییەوە دەناڵێنن ئەمەش ژینگەیەکی لە باری بۆ گەشەکردنی ئەم تاوانە قێزەونانە ڕەخساندووە.
لە کاتێکدا کە بەرپرسان شانازی بە ژمارەی تۆڕە هەڵوەشێنراوەکانەوە دەکەن، دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە بەهۆی هەژارییەوە لە پەرەسەندندایە و گەنجان و منداڵان و کرێکارانی بیانی بوونەتە قوربانی سەرەکی.