وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمەریکا و ئیسرائیل پلان بۆ دابەشکردنی غەززە دادەنێن

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئەمەریکا و ئیسرائیل خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە بۆ دوو ناوچەی جیاواز: ناوچەیەکی ئارام لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا و ناوچەیەکی مەترسیدار کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا دەمێنێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە، لەلایەن جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفەوە داڕێژراوە و پشتیوانیی ترەمپی بەدەستهێناوە، بریتییە لە:
ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی غەززە: دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە تەنیا لەو ناوچەیەی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە. ئەمەش دەرفەتی کار بۆ فەڵەستینییەکان دابین دەکات و وەک مۆدێلێک بۆ "غەززەی دوای حەماس" نیشان دەدرێت.
هەروەها بێبەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس لە هەر جۆرە هاوکارییەکی ئاوەدانکردنەوە، بە مەبەستی فشارخستنە سەر بزووتنەوەکە بۆ چەکدانان و وازهێنان لە دەسەڵات. هەروەها لاوازکردنی سیاسیی حەماس، دروستکردنی "دوورگەی بێ حەماس" لەناو غەززەدا، کە وردە وردە فراوان دەکرێت و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی بزووتنەوەکە لەناوخۆی کەرتەکەدا لاواز دەکات.
ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کە نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەکەن، بە توندی دژی ئەم بیرۆکەیەن و پێیان وایە ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی ناوچەیەکی هەمیشەیی ئیسرائیلی لەناو غەززەدا و دابەشبوونێکی ڕاستەقینە.
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی غەززە، ڕووبەڕووی فەڵەستینییەکان دەبێتەوە.
پلانەکە هێشتا وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی نەداوەتەوە، وەک: چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی ناوچە ئیسرائیلییەکە و چۆنێتی ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئەندامانی حەماس بۆ ئەو ناوچەیە.
دۆخی ئێستا
ئەم پلانە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە و هێشتا بە فەرمی نەخراوەتەڕوو. ئەمە لە کاتێکدایە ئاگربەستێک لە غەززەدا هەیە و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی بەردەوامن. بەڵام هەندێک لایەن پێیان وایە ئەمەریکا بەم جۆرە پلانانە هەوڵی "کڕینی کات" دەدات تا چارەسەرێک بۆ کێشە ئاڵۆزەکانی حوکمڕانیی دوای شەڕ بدۆزێتەوە.