ئێران؛ هاووڵاتییان لە گرانیی بەنزین ناڕازین
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاند، تێچووی بەرهەمهێنانی بەنزین لەگەڵ نرخی فرۆشتنیدا ناگونجێت، بۆیە لە شەممەی داهاتووەوە یەک لیتر بەنزین بە پێنج هەزار تومەن دەفرۆشرێت.
چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم 2025، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قوتابیانی زانکۆی کرمان، ڕایگەیاند "لە 23ی مانگی ڕابردووەوە لیژنەیەکی تایبەتی و پسپۆڕ، بۆ هەڵسەنگاندن و چۆنییەتی دیاریکردنی نرخی بەنزین، دەست بە کار بوو و پاش ئەوەی ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە حکوومەت کرد، بڕیار درا لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 13ـی کانوونی یەکەم، نرخی یەک لیتر بەنزینی ئازاد، لە وێستگەکاندا بە پێنج هەزار تومەن دیاری بکرێت."
موهاجیرانی، گوتیشی: پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە 80%ی خەڵک بە کۆبۆنی پشکی مانگانەی بەنزینی 160 لیتری، کە بریتییە لە 60 لیتر بە نرخی هەزار و 500 تومەن و 100 لیتر بە نرخی سێ هەزار تومەن، دەتوانن کاروباری خۆیان جێبەجێ بکەن؛ ئەو کەسانەش کە پێویستییان لەو بڕە بەنزینە زیاترە، دەتوانن بەنزینی ئازاد بە نرخی پێنج هەزار تومەن بۆ یەک لیتر، لە وێستگەکاندا بکڕن."
موهاجیرانی ڕوونی کردەوە: "لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە بەیانیی ڕۆژی شەممەوە جێبەجێ دەکرێن بریتین لە؛ لابردنی پشکی بەنزینی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان جگە لە ئەمبوڵانسەکان؛ لابردنی پشکی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان، لابردنی پشکی ئۆتۆمبێلی خاوەن ژمارەی ناوچە ئازادەکان.
شۆفێران، بەتایبەتی شۆفێرانی تەکسی و هاتۆچۆی نێوان شارەکان، لەم بڕیارەی حکوومەت ناڕازین و دەڵێن "ئەم بڕیارە، ناچارمان دەکات کرێی هاتوچۆ زیاد بکەین و لەم نێوانەشدا هاووڵاتییان زیانمەندی یەکەمن."
بابەتی گرانبوونی بەنزین، ماوەیەکە لە پەرلەمانی ئێراندا بووەتە مایەی مشتومڕ و زۆرێک لە پەرلەمانتاران، بەتایبەت باڵی نەریتخوازان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە خراپیی بەڕێوەبردن و نەبوونی پلانی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشە و قەیرانە ئابوورییەکانی وڵات تۆمەتبار دەکەن.
