مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر – کۆیە) بەڵێنێکی دیکەمانە و جێبەجێی دەکەین

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە جێبەجێکردنی بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوە و دەڵێت، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە "بەڵێنێکی دیکەمانە و جێبەجێی دەکەین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە، پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر – کۆیە)ـی بەسەر کردەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24؛ باسی لە گرنگیی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی کۆیە و ئاوی سلێمانیشی کرد.
گرنگیی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە
لەبارەی کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەکە بەڵێنێکی دیکەیان بووە بە خەڵکیان دابوو و جێبەجێیان کرد. وەکوو خۆی باسی کرد، قەزای قوشتەپە، ناحیەی بێستانە و زیاتر لە 70 گوندی دەوروبەر لێی سوودمەند دەبن.
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "ئەمە بەشێکە لەو پرۆژەی حکوومەت هەیەتی بۆ گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری و هەموو شارەکانی تریش. پڕۆژەکە کاریگەری زۆری دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری باشتر و ئاوی پاک و خاوێن بۆ هاووڵاتییان، لە هەمان کاتدا بۆ بەستنی ئەو بیرە ژێر زەوییانە کە بەداخەوە ئاوێکی زۆرمان بە خەسار دەچوو تا ئێستا، و بۆ ئەوەی باشتر بتوانین سوود لە ئاوی سەر زەوی وەر بگرین و خەڵک زیاتر سوودمەند بێت."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیواشی خواست "تا 20-30 ساڵی داهاتوو کێشەی کەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری نەمێنێت."
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە "بەڵێنێکی دیکەیە پێشتر بە خەڵکمان دابوو، کە شەقامی هەولێر بۆ کۆیە بکەینە دووساید و بە کوالێتییەکی زۆر باش دروستی بکەین."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا "پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیا و ئەندزایاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، دەستخۆشییان لێ دەکەم و هەر لە ئێستاوە پیرۆزباییان لێ دەکەم کە لە پێش وادەی خۆی، توانیویانە شتی زۆر باش بکەن."
سەرۆک وەزیران سوودەکانی ڕێگای خێرا نوێیەکەشی خستەڕوو، و ڕوونیکردەوە، کاتی گەشتکردن لە نێوان هەولێر و کۆیە کەم دەکاتەوە و شۆفێری ئاسانتر دەکات و بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووداوە نەخوازراوەکانیش کەم دەکاتەوە.
جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی کۆیە و ئاوی سلێمانی
لە وەڵامی پرسیاری "کەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی کۆیە و ئاوی سلێمانی دەکرێت؟" مەسرور بارزانی گوتی: "ئەوانە بۆ ئەو پسپۆرانە بەجێ دەمێنێت تاوەکو دیزاینەکانیان تەواو دەکەن و لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێک دەکەون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان. بەشێک لەو پرۆژانەش ئێستا لە کاتی جێبەجێکردندان. هەندێک لەو پرۆژە ئاوانەی کە پێشتر ئاماژەشی پێدرا لە کاتی جێبەجێکردنن. ئەوانەی دیکە بڕیاریان لەسەر دراوە، دیسان ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە کاتێکی زۆر خێرا، هەم کۆمپانیاکان بتوانن کارەکانیان بکەن و حکوومەتیش پشتیوانیان بێت، ئینشائەڵڵا."