سەکۆیەکی نوێ بۆ گەشەپێدانی هەڵەبجە دادەمەزرێت و حکوومەت پاڵپشتی خۆی بۆ ڕادەگەیەنێت
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرانی چەند ڕێکخراوێکی پارێزگای هەڵەبجە، دامەزراندنی تۆڕی سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد و جەختی لە پاڵپشتیی بەردەوامی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کایەی ڕێکخراوەیی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو شارەدا کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین تەوەر و بابەتی پەیوەست بە کاری ڕێکخراوەیی لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران.
سەرۆکی فەرمانگە ئاماژەی بەوە کرد کە ،حکوومەتی هەرێم و فەرمانگەکەیان بە بایەخێکی زۆرەوە لە پارێزگای هەڵەبجە دەڕوانن و هەموو هەوڵێک دەدەن لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە زۆرترین خزمەتگوزاری و پڕۆژەی پەرەپێدان پێشکەش بە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە بکەن.
لە بەرانبەردا، ستافی سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی فەرمانگە کرد بۆ ئەو کارئاسانییە یاسایی و کارگێڕییانەی بۆ ڕێکخراوەکانیان دابین کراوە، کە بووەتە هۆی ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لە ئێستادا لە 8 ڕێکخراوی ناوخۆیی پێکهاتووە و بە فەرمی لە فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی تۆمار کراوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم تۆڕە بریتییە لە دروستکردنی هەماهەنگیی بەهێز لە نێوان ڕێکخراوەکان بۆ خزمەتکردنی کایە مرۆییەکان و برەودان بە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە، ئەم دەسپێشخەرییە وەک ناوەندێکی کاریگەر دەبێت بۆ کۆکردنەوەی تواناکان و ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی شارەکە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
سەکۆیەکە پێکهاتووە لە:
ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان کە لە بواری(ژنان، ژینگە و میدیا)، ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە لە بواری(کەمئەندامان) ، ڕێکخراوی ئارامی هەڵەبجە بۆ پاراستنی مرۆف و ژینگە(ژینگە و مرۆڤ)، ڕێکخراوی دارێ(هاوکاری مرۆیی)، ڕێکخراوی تواناسازی ژنان(ماڤی ژنان)، ڕێکخراوی مرۆڤسەنتەری(مافی مرۆڤ)، ڕێکخراوی ژینگەی تەندروست(پاراستنی ژینگە)، ڕێکخراوی ژینگە دۆستی(پاراستنی ژینگە) کاردەکەن.
