گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ کوردستان24: له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان ڕاوێژ بە کۆچبەران دەدەین

ئێلێنا سینگەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا
ئێلێنا سینگەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا

ئێلێنا سینگەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەڵمانیا بە هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژ بەو کەسانە دەدات کە نیازی کۆچیان هەیە، هاوکات هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ناوخۆیی دابین بکەن.

 

ئەڵمانیا دەیەوێت پرسی کۆچ بە تۆکمەیی ڕێک بخات

ئێلێنا سینگەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا پلانی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی تۆکمە پرسی کۆچکردن ڕێک بخات، ئەمەش بە دوو ڕێگەی جیاواز، ئەوانیش: کردنەوەی دەرگای یاسایی بۆ هێزی کاری شارەزا، لە لایەکی دیکەشەوە، گرنگیدان بە کەمکردنەوەی کۆچکردنی نایاسایی.

 

کۆچکردنی یاسایی بۆ ئەڵمانیا هەیە

لە بارەی کۆچکردنی یاسایی بۆ شارەزایان کە ئێستا لە ئەڵمانیا بە یاسا ڕێک خراوە، ئێلێنا سینگەر گوتی: کۆچکردنی یاسایی بۆ ئەڵمانیا ئیستا بۆ هەموو کەسێک هەیە، بەبێ سەرنج خستنە سەر نەتەوەی کۆچبەران و بێ بوونی ڕێککەوتننامەیەکی دوولایەنەی فەرمی لەگەڵ وڵاتی ڕەسەنی ئەم کۆچبەرانە، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ ئەمە، بریتییە لە جێبەجێکردنی وردی مەرجەکانی یاسای کۆچکردنی کرێکارانی شارەزا.

 

کۆچ بۆ ئەڵمانیا  لەپێناو خوێندن و کار

 ئێلێنا سینگەر دەشڵێت: ئەم جۆرە کۆچکردنە یاساییە، دەکرێت بۆ دەستپێکردنی ڕاهێنانی پیشەیی، خوێندنی زانکۆ، یان کارکردن بێت. پێداویستییەکانی کۆچکردنی یاسایی جیاوازن بەپێی مەبەستی مانەوە (ڕاهێنان، خوێندن، یان کار) و بەپێی سێکتەری کارکردن، هەموو کۆچبەرە یاساییەکان پێویستە ڕێکارە پەیوەندیدارەکان پەیڕەو بکەن و ڤیزا وەربگرن، بۆ ئەم زانیاریی زیاتر لە ماڵپەڕی تایبەتی https://www.make-it-in-germany.com/en/ دەستیان دەکەوێت.

 

باشکردنی بژێوی ژیان بەس نییە 

سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەنابەران، ئێلێنا سینگەر ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران (BAMF) بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوەی داواکارییەکانی مافی پەنابەری، ئەم فەرمانگەیە بڕیار لەسەر داواکارییەکانی مافی پەنابەری لەسەر بنەمای دۆسیەی تاک بە تاک و بە گوێدان بە هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە تاکەکە و وڵاتی ڕەسەنی خۆی دەدرێت، بەڵام به‌ تەنیا هۆکاری ئابووری یان ئارەزووی باشترکردنی دۆخی ژیانی تاکەکە بەس نین بۆ وەرگرتنی مافی پارێزگاری، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا بۆ دەستپێکردنی کار، پێویستە بەو پرۆسەیەی کە لە یاسای کۆچکردنی کرێکارانی شارەزادا دیاریکراوەدا، تێپەڕن.

 

ڕێکارەکانی ئەڵمانیا بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی

 

 سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئەڵمانیاش بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی، ئێلینا گوتی: لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەڵمانیا چەندین ڕێکاری یاسایی و پراکتیکیی پەیڕەو کردووە بۆ کەمکردنەوەی کۆچکردنی نایاسایی، کەمکردنەوەی زیاتری کۆچکردنی نایاسایی ئامانجێکی سەرەکی سیاسیی حکوومەتی ئێستای ئەڵمانیایە، ڕێکارەکان خۆی لە بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان، جێبەجێکردنی چاکسازیی سیستەمی پەنابەریی ئەورووپی، پرۆسە خێراتری پەنابەری و گەڕانەوەکان، گۆڕانکاریی یاسایی بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی، هاندانی گەڕانەوەی خۆویستانە و دووبارە دامەزرانەوە، هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ڕەسەن و ترانزێت، دیجیتاڵکردن و کەمکردنەوەی کارگوزاری لەخۆ دەگرێت.

 

هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ کوردستان لە بارەی کۆچی نایاسایی

 

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە بارەی هەماهەنگییەکانی حکوومەتی ئەڵمانیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی گوتی: ئەڵمانیا و حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نزیک هاوکاریی یەکتری دەکەن لە ڕاوێژپێدان بە کۆچبەرانی عێراقی لەسەر دەرفەتەکانی کارکردن لە دەرەوە، لەنێویاندا لە ئەڵمانیا و ڕاهێنانکردن بە هاووڵاتیانی عێراقی بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ناوخۆیی. ئاماژە بەوەش دەکات، هاوکاریی پەرەپێدانی ئەڵمانی لە بواری کۆچکردندا لە ڕێگەی سەنتەرە ئەڵمانییەکانی کار، کۆچ و دووبارە دامەزرانەوە (GMAC). کە پڕۆژەکە لەلایەن GIZ (کۆمەڵگەی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی) جێبەجێ دەکات، کە یەک GMAC لە هەولێر و دووەمیان لە بەغدایە. بنەمای کارکردنی GMACـه‌کان بریتییە لە بەهێزکردنی توانا و پێکهاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی بوارە جیاوازەکانی کۆچ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتگیریکردن بەپێی پێویست بۆ گەڕاوەکان، بۆ ئەو کەسانەی لە دۆخێکی لاوازدان، ئەوانەی ئارەزووی کۆچکردنیان هەیە. 

ئێلینا ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی نوێ کرد لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی: لە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، یادداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان GIZ و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا. 

لەم لینکەدا دەتوانی زیاتر لەبارەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بزانیت.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment