دیندار زێباری: ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کابینەی نۆیەمدا گەیشتە سه‌رووی 60%

23ـی تشرینی یەکەمی 2025 ، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆڕبەندی دەرئەنجامەکانى جێبەجێکردنى پلانی حکوومەتى هەرێم بۆ مافەکانى مرۆڤ لە هەولێر ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ڕێژەی 62.3%.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای دەسەڵاتەکانی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت، دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا.

زێباری ڕوونی کردەوە، ئەم جێبەجێکردنە بەشێکی سەرەکییە لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، کە لە 15ـی ئەیلوولی 2021 پەسەند کراوە و بناغەی ستراتیژیی حوکمڕانیی باشەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی بەراوردکاری، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان هەڵکشانی بەردەوامی بە خۆوە بینیوە، لە 2022  (42.8%) بووە، لە 2023 گەیشتووەتە (51.9%)، لە ماوەی 2024–2025ـدا بەرز بووەتەوە بۆ 62.3%.

ڕێژەی جێبەجێکردن بە پێی دەسەڵاتەکان:

دەسەڵاتی جێبەجێکردن: 87.5%
دەسەڵاتی دادوەری: 78.9%
دەسەڵاتی یاسادانان: 40.5%
دیندار زێباری ڕایگەیاند: لە بواری کردەییدا، لە ئەنجامی هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، نزیکەی (62) وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان ئەنجامدراون و (109) ڕاپۆرت پێشکەش کراون. هەروەها، لە چەندین تەوەردا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (84%) و نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (83.3%).

لەبارەی هەنگاوەکان و ئاستەنگەکانیش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: حکوومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی گرنگیی ناوە کە هاوتەریبی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانن، لەوانە ڕەخساندنی نزیکەی (200,000) هەلی کار، کردنەوەی (20) سەنتەری نەهێشتنی نەخوێندەواری.

گوتی: لەبارەی ڕاسپاردەکانی خولی گشتگیر (UPR)ـی سەرەتای 2025، لە کۆی (264) ڕاسپاردە، (183) قبووڵ کراون و وڵاتان ستایشی هەرێمیان کردووە بۆ هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

زێباری ئاماژەی بەو ئاستەنگانەش دا، کە بریتین لە دەرنەچوون و هەموارنەکردنەوەی بەشێک لە یاساکانی پەرلەمان، پەیوەستبوونی هەندێک ڕاسپاردە بە پلانی نیشتمانیی حکوومەتی فیدراڵی، و ئالنگارییە داراییە بەردەوامەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment