ڕێکلامێک بووە هۆی تێکدانی پەیوەندیی بازرگانی ئەمەریکا و کەنەدا
ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوەی حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ-کەنەدا لەسەر باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای تووڕە کرد و بووە هۆی ئەوەی کۆتایی بە دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بێنێت.
حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا لەبارەی بڕیارەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان و بە تایبەتیش کەنەدا، ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا دەڵێت: سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت.
ئەم ڕێکلامە، کاردانەوەی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لێکەوتەوە و ڕەخنەی توندی لەو جۆرە ڕەفتا و ڕێکلامە گرت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس نووسیویەتی: ئەم ڕێکلامە ساختەیە و گوتەکانی ڕۆناڵد ڕیگان بۆ مەرامی خۆیان دەستکاری کردووە و بەکارییان هێناوە، هاوکات کەمپەینەی کراوە بۆ دەستتێوەردانە لە بڕیاری دادگای باڵای ئەمەریکا.
ترەمپ نووسیویەتی: کەنەدا ماوەیەکە فێڵ دەکات و بە ڕێژەی 400% باجی لە جووتیارەکانمان وەردەگرێت.
هەروەها بەهۆی ئەو ڕێکلامەی حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ-کەنەدا، سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا بە تەواوی ڕاگرت.
مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.
لەو بارەوە دامەزراوەی ڕۆناڵد ڕێگان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، پارێزگای ئەنتاریۆ، ڤیدیۆیەکی ڕۆناڵد ڕێگانی بەکارهێناوە، کە لە ساڵی 1987 تۆمار کراوە، دامەزراوەکە ڕاشیگەیاندووە، گوتارەکەی دەستکاری کراوە و داوای یاسایی تۆمار دەکەن.
لە بەرانبەردا، حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ-کەنەدا ڕایگەیاندووە، ڕێکلامەکە بەشێکی دەستکاری نەکراوی گوتارێکی گشتیی ڕۆناڵد ڕێگان بەکارهێناوە، هاوکات لە ڤیدیۆ ڕێکلامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم ڕێکلامە لەلایەن ڕۆناڵد ڕێگان و دامەزراوەکە پشتیوانی لێناکرێت.
