وشکبوونی بەنداوەکان و بێ بارانی هەڕەشە لە ئێران دەکەن

بە گوێرەی تازەترین ئامارەکان، لە 21 پارێزگای ئێران مانگی یەکەمی وەرزی پاییز بەبێ باران تێپەڕی و ئەمەش وایکردووە، بەنداوەکانی ئەو وڵاتە زیاتر ڕووبەڕووی وشکبوون ببنەوە و بەشێکی زۆری بەنداوەکان ئاوی گلدراوەیان تەنیا %34ـە.

ئاژانسی ئیلنا تازەترین ئاماری لە بارەی دۆخی بەنداوەکان سەرتاسەری ئێران بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە ماوەی 26 ڕۆژی ڕابردوودا، ئەو بڕە ئاوەی ڕژاونەتە بەنداوەکان 780 ملیۆن مەتری سێجا بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، یەک ملیار و 290 ملیۆن مەتری سێجا ئاو ڕژاوەتە بەنداوەکان، واتە ئاو ڕێژی نێو بەنداوەکان بەشێوەیەکی گشتی 39% کەمیکردووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئێستا تێکڕای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان گەیشتووەتە 17 ملیار و 660 ملیۆن مەتری سێجا، لە کا تێکدا لە هەمان ماوەی پارساڵدا 23 ملیار و 310 ملیۆن مەتر سێجا بووە، واتە لە ساڵێکدا 24% کەمیکردووە. تێکڕای پڕبوونی بەنداوەکان تەنیا بە 34% خەمڵێنراوە.

محەمەدڕەزا کاڤیانپوور، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەکانی ئاو، لە مانگی ڕابردوودا هۆشداریدا بوو لەوەی لە پاییزی ئەمساڵدا باران کەمتر دەبێت لە ئاستی ئاسایی و قەیرانی ئاو، نەک هەر بەردەوام دەبێت، بەڵکو قووڵتر دەبێتەوە.

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە 22 بەنداو کەمتر لە 15%ی ئاوی گلدراوەیان تێدایە و لە بارودۆخێکی قەیراناویدان. لە نێویاندا ئەو بەنداوانەی ئاوی تارانی پایتەخت دابین دەکەن، ڕووبەری ئاوی گلدراوەیان بەمشێوەیە:

ئەمیرکەبیر 11%

لار 2%

تالەقان 38%

لەتیان - ماملۆ 9% 

لە پارێزگاکانی دیکەش کەمبوونەوەی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکان و ژێر زەوی بەردەوامە.

ئاوی بەنداوەکانی نزیک دەریاچەی ورمێ 40% کەمبوونەتەوە، لە خۆزستان بەنداوەکان ئاوی گلدراوەیان کەمبووەتەوە تەنیا بەنداوی مارۆن نەبێت کە بڕی ئاوی گلدراوەی %70 ـە، بەڵام هەردوو بەنداوی کەرخە 49% بەنداوی جەڕە 26% ـە.

لە پارێزگای هۆرمۆزگان، بەنداوەکانی ئیستقلال و شەمیل-نیان، لە پارێزگای گوڵستانیش، بەنداوەکانی ڤەشمگیر، بووستان و گوڵستان  بە تەواوی وشکبوون.

بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی باران لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا تەنیا 1.9 ملیمەتر بووە لە 21 پارێزگاش هیچ بڕە بارانێک نەباریوە، ئەمەش نیگەرانی جددی سەبارەت بە دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی و ئاوی خواردنەوە لە داهاتوودا دروستکردووە.
بەگوتەی شارەزایان، بەردەوامبوونی کەمبارانی و دابەزینی ئاستی بەنداوەکان ئاو، هەڕەشە ومەترسییەکە لەسەر تەواوی ئێران.

سەرەڕای ئاگاداریە بەردەوامەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، هێشتا بەرپرسانی ئێران نەگەیشتونەتە چارەسەرێکی ڕیشەیی، لە هەندێک بارودۆخدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بوونی بارودۆخەکە، پشووی کاتیان لە هەندێک پارێزگا ڕاگەیاندووە .

 
Fly Erbil Advertisment