وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییان دەکات
سەرباری وشکبوونی تەواوەتی دەریاچەی ورمێ،هێشتا پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوەکانی سێڵوێ، جەڵدیان و کانی سێو، بۆ بووژانەوەی دەریاچەکە جێبەجێ نەکراون.
لەم بارەیەوە، مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، ڕەخنەی لە پلان و بەرنامەی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەکە گرت.
سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: ڕاستییەکە ئەوەیە ڕێژەی بارانبارین کەمیی کردووە، خۆم لەو ناوچەیە گەورە بووم، هەر لە پارێزگای ورمێ سێ ڕووبار هەن کە جاران بەردەوام ئاویان تێدا بوو. ئێستا کەشوهەوا گۆڕاوە و بە هۆی وشکەساڵییەوە ڕووبارەکان ئاویان تێدا نەماوە. هاوکات، بۆکان و میاندواو و لای سەقزیش تووشی کەمئاوی بوونە و بەنداوی بۆکانیش تەنیا بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە ئاوی تێدا ماوە.
سەلمان زاکر، پەرلەمانتاری ئازەری زمانی شاری ورمێ، لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: لەکاتێکدا بەشی زۆری ئەو ئاوەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە ڕووبارەکانی جەخەتوو و تەتەهوو تەرخان کراوە، ناگاتە دەریاچەکە و ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەگوازرێتەوە.
زاکر، بە سەرۆک کۆماری ئێرانی گوت: پرۆژەی گواستنەوەی ئاو لەبیر مەکەن، خەڵکی ئێمە نیگەرانن لەوەی لە کاتیی سەرۆککۆماریی ئێوەدا بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لەبیر بکرێت، بەشە ئاوی دەریاچەی ورمێ %51 لە ڕووبارەکانی جەخەتوو و تەتەهووە دابین دەکرێت، بەڵام ناگاتە ورمێ و ڕەوانەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت.
ئێستا دەریاچەی ورمێ وشک بووە و بە هۆی باهۆزی خوێ، ژیانی زیاتر لە 15 ملیۆن کەسی خستووەتە مەترسییەوە و زیانێکی گەورەش بە کەرتی کشتووکاڵ دەگەیەنێت.
