مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ بڵاوکردەوە
مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت.
شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی لەبارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی پردێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لە ساتەوەختی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی ناحیەی پردێ، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، هەر زوو پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، گیانی هاووڵاتیان بپارێزن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شەوی ڕابردوو لە ساتی ڕووداوەکە ئاگاداری هەڤاڵانمان کردەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێت و هەرچی هەیە لەڕێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت.
جەختشی کردەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر هێڵ بووین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەتایبەت لەگەڵ (محەمەد سەمعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە و کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت و یاسا سەروەر بێت.
هەروەها مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕاشیگەیاند، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەم گرژییانە بگرنە بەر و هاووڵاتیانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەم کردەوانە کاریگەریی لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکان نابێت و هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، داوا دەکەین، ڕوحی برایەتی و پێکەوەژیان بپارێزن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی.
هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، چەند شایتحاڵێک بە پەیامنێری کوردستان24یان لە کەرکووک گوت: لایەنگرانی بەرەی تورکمان چوونەتە نێو گەڕەکە کوردنشینەکان لە پردێ و ئاڵای بەرەی تورکمانیان بەرزکردووەتەوە و سووکایەتییان بە کوردەکان کردووە و بە هۆیەوە گرژی لە نێوانیان دروست بووە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، گرژییەکان لەو ناوچەیە تەشەنەی کرد و شەڕ لە نێو لایەنەکان دروست بووە، بەڵآم دۆخەکە هێور بووەوە و سوپا بڵاوەی پێکردن و ڕێگری لە تەشەنەکردنی کرا، هاوکات حزب و لایەنەکانی پەیوەندیدار لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەیە بکەن و نەبێتە شەڕی نەتەوەیی.
زۆزک شێخ لەتیف، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک لە شوێنی ڕووداوەکە گوتی: شارۆچکەی پردێ لە هەر دوو پێکهاتەی کورد و تورکمان پێک دێت و ماوەیەکی زۆر بەیەکەوە دەژین، بەڵام بەرزکردنەوەی ئاڵای بەرەی تورکمان و سووکایەتی کردن بە کورد، بە هیچ شێوەیەک جێگای قبووڵ کردن نییە.
