کۆشکی سپی فشار لە کۆنگرێس دەکات سزاکانی سەر سووریا بەتەواوی هەڵبگرێت

کۆنگرێس
کۆنگرێس

کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە یاسای قەیسەر توندترین سزایە بەسەر سووریادا سەپێنراوە.

پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان.

'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن.

لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment