مەسرور بارزانی: بارودۆخی ژیانی خەڵكی عێراق زۆر سەختە

ئێران..کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو گران بوو

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی سڕینەوەی یەک ملیۆن و 428 هەزار هاووڵاتی دیکە لە لیستی وەرگرانی پاڵپشتیی دارایی حکوومی (یارانە)، نرخی کارەبای ماڵان لە %35 زیادی کردووە.

عەبدولئەمیر یاقووتی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران، 'تەوانیر'، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی کارەبا، بە ئاژانسی  هەواڵی 'میهر'ی ڕاگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا دەگاتە نزیکەی 35% . بۆ نموونە، بەشداربوویەک کە پێشتر بە بەکاربردنی 200 کیلۆوات/کاتژمێر کارەبا نزیکەی 20 هەزار تومەنی دەدا، ئێستا بۆ هەمان ئەندازەی بەکارهێنانی کارەبا، نزیکەی 30 هەزار تومەن دەدات."

یاقووتی، لەبارەی گۆڕینی نرخی بنەڕەتیی دابینکردنی کارەبا و زیادبوونی پلە بە پلەی نرخی وزە، گوتی: نرخی دابینکردنی کارەبا لە 752 تومەنەوە بۆ 952 تومەن بەرز بووەتەوە. 

 بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، واتە لە نێوان مانگی 10ی 2015 تا مانگی 10ی 2025، تێچووی پسوولەی کارەبای ئێرانییەکان 500% بەرز بووەتەوە. ئەم  زیادبوونی نرخی کارەبایە، نەک هەر لە ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمیی ساڵانە زیاتر بووە، بەڵکو دوو بەرانبەری زیادبوونی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران بووە لە هەمان ماوەدا، کە بە واتای کەمبوونەوەی بەردەوامی هێزی کڕینی خێزانەکان و زیادبوونی فشاری بژێوی لەسەر چینە مامناوەند و هەژارەکانی کۆمەڵگەیە.

بەڕێوەبەرانی وەزارەتی وزەش ڕایانگەیاندووە "لە مانگی 10ـی ئەم ساڵەوە، پسوولەی کارەبای ئەو بەشداربووانەی کە بە "زۆربەکارهینەر" دادەنرێن، تا پێنج بەرانبەر زیاد دەکات."

ماڵپەڕی "تیجارت نیوز" بڵاوی کردووەتەوە "پسوولەی کارەبای زۆرێک لە بەشداربووان زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەو بەشداربووانەی کە پێشتر پسوولەکانیان 30 هەزار تا 60 هەزار تومەن بووە، ئێستا گەیشتووەتە 70 تا 180 هەزار تومەن. 

 ئێستا لە کاتێکدا کە هێزی کڕینی بەشێکی بەرچاوی خێزانە ئێرانییەکان لەژێر فشاری توندی هەڵاوسان و بێکاریدا دابەزیوە، سیاسەتەکانی حکوومەت لە بواری وزەدا، نەک هەر یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی قەیرانی بژێویی نەداوە، بەڵکو قووڵتریشی کردووەتەوە. زیادبوونی چەند هێندەی نرخەکان، سڕینەوەی بەرفراوانی یارانەکان و شێوازی نوێی هەژمارکردنی پسوولەکان، لە کردەوەدا بەشێکی گەورەی خەڵکی ڕووبەڕووی خەرجییەک کردووەتەوە کە لە توانای ئابوورییان بەدەرە.

 
 
Fly Erbil Advertisment