فارس عیسا وادەی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی هەشت ئاشکرا دەکات
سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری تەمویلی پارە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچووە و گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئاب '8' ڕەوانە دەکرێت.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کاتژمێر 3:30 خولەکی دوانیوەڕۆ نووسراوی خەرجکردنی مووچە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و واژۆی لەسەر کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ڕەوانەکردنی مووچە نەمایە، چونکە هەناردەی نەوت بەردەوامە و 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیش ڕەوانەی بەغدا کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و گشتاندنی بۆ کراوە و گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی فیدراڵیش، ئینشائەڵڵا لەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئاب '8' ڕەوانە دەکرێت.
گوتیشی: نابێت مامەڵەیەکی سیاسیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکرێت، بۆیە پێویستە ئێمەش مووچەی مانگەکانی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکوو مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرجبکرێت.
