نێچیرڤان بارزانی: پێکەوەژیانی ئاشتییانه یەکێکه لە جوانترین دیمەنەکانی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و میر حازم بەگ، میری ئێزدیان، کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی لە شێخان بە ئامادەبوونی هەزاران ههوادار و لایەنگری پارتی لە ناوچەکە بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا بۆ ئامادەبووانی کەرنەڤاڵەکە گوتی: سوپاسی دڵسۆزی و ماندووبونی ئێوه دەکەم کە لەهەر شوێنێکدا هاتوون، ئەوەی ئەمڕۆ دڵخۆشم دەکات، ئەو دیمەنە جوانەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و ئێزدی و موسڵمانانه كه بەیەکەوە دەبینرێن، ئەوە دیمەنێکی زۆر جوانی کوردستانە کە پێویستە ڕەنگدانەوەی تا هەتا بمێنێتەوە، بهتایبهتی ناحەزانی پێی عاجز دەبن.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: خەڵکی ئەو ناوچەیە قارەمانی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە، لە سەردەمی شۆڕشدا یەک لە چالاکترین ناوچەكانی پارتی بوو، چالاکی ناوچەی شێخانی پارتی گەلەک زۆر بوون، قارەمانێتی پێشمەرگەکانی شێخان لە بیری ئێمە ناچێت.
جێگری سەرۆکی پارتی ههروهها گوتی: پێشمەرگەکانی دەڤەری شێخان بە ئێزدی و موسڵمان و مەسیحییەوە، هەموویان بەیەکەوە خەباتیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەیان کرد، ئەو ناوچەیە ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکانیان بینی، ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی بە تێکۆشەر و خەباتگێڕانی خۆیی و کوردستان بەتایبەت قارەمانەکانی ئەو ناوچەیە ڕێی لە داعش گرت و ئەفسانەی ئهو ڕێكخراویه تێکشکاند.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: وەک چۆن هەمیشە پارتی بەرگریی لە کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، جارێکی دیکە بەهێزەوە دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی بەهێزەوە بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکات، بەڵێنی ئێمەش ئەوەیە ڕۆژی 11ـی 11 بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین بۆ کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: پێویستە ئەوە بزانن بۆچی پێویستە پارتی بەهێز بێت، چونکە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، بەهێزبوونی کوردستانە، گەرەنتی پاراستنی کوردستان پارتییە، پێویستە بەهێزەوە بچێتە بەغدا، پارتی گەرەنتی پێکەوە ژیانە، پارتی گەرەنتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە.
لەبارەی ئامانجەکانی پارتیش لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئامانجی هەرە گەورەی پارتی لە بەغدا، جێبەجێکردنی دەستوورە، چونکە 20 ساڵە جێبەجێنەکردنی دەستوور و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە، کارەساتی گەورەی بۆ عێراق دروست کردووە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە و ناوی دەنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، ئەو دەستوورەی پێویستە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەو سیستەمەی ئێستای عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکاری دێنێت، فیدراڵی نییە و تەواو مەرکەزییە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: كاری له پێشینهی پارتی له ئێستادا دابینکردنی مووچەی خەڵکی کوردستانە، باوەڕم وایە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت. دهشڵێت: سەرباری فشار و زەحمەتییەکان، میللەتی کورد بۆ هەمووان سەلماندی لەگەڵ خاك و نیشتمانی خۆیهتی، لەگەڵ پارتی دەمێننەوە، بە پشتیوانی خوای گەورە، کوردستان لەو قۆناغە سەختەش دەگوازینەوە قۆناغێکی گەشتر و ئاوەدانتر.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: جێبەجێنەکردنی دەستوور، کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق و لەسەر هەموو پێکهاتەکانی عێراق کردووە، بە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بە چوونی پارتی بۆ بەغدا، برایەتی و پێکەوەژیان بەهێزتر دەبێت لە نێوان تەواوی پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراق.
جهختیشی كردهوه: شێخان، دەڤەری پێکەوەژیانە، خەڵکی ئێزدی زەوی خۆی بەخشیوە بۆ دروستکردنی مزگەوتی موسڵمانان، لەو دەڤەرە جەژن و شادی و پرسەی ئێزدی و موسڵمان و مەسیحیان بەیەکەوە دەکرێن، ئەمە نموونەی هەرە گەورەی پێکەوەژیانی کوردستانە، تابلۆیەکی نەخشاندووە، لەمێژووی میللەتی کورد هەرگیز لەبیر ناکرێت، ڕژێمی پێشوو زۆر هەوڵی دا ئەو پێکەوەژیانەی کوردستان بشێوێنێت، بەڵام نەیتوانی، چونکە پێکەوەژیان و برایەتیی بنکەی فیکر و ڕێبازی شێخی بارزانە، بناغەی فیکری شێخان، پرسی پێکەوەژیان بووە، ئەمە ئەو ڕێبازەیە کە ئێمە لە سەری دەڕۆین، پارتی وەکوو حزب لەسەر ئەو ڕێبازە دەڕوات، وڵاتانی دەرەوەش ڕێزێکی زۆریان بۆ کهلتووری پێکەوەژیانی کوردستان هەیە، ئەمە هێزە بۆ پارتی و کوردستان، بۆیە بە هەموو هێزی خۆتان ئەو بەیەکەوە ژیانە بپارێزن، پارتیش هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستا، شوێنی هەمووانی تێدابووەتەوە، بە تەواوی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، ئەمەش لە لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژوودا نووسراوەتەوە، مەحموود ئێزدی، قارەمانێکی دیاریی ئەو دەڤەرەیە لەنێو ئەم مێژووەدا، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە زێڕینتر ببێت و پێکەوەژیان بەهێزتر ببێت، پێویستە بەیەکەوە کار بکەین پارتی و لیستی 275 سەربکەوێت.
