وەزارەتی دارایی: تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکیمان
تەمویلی مووچەی مانگی ئاب، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
پێش ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری؛ فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تەمویلکردنی مووچەی مانگی ئابی لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردبووەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب (8)ـی ساڵی (2025) کە بڕەکەی 120 ملیار دینار بوو، بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەچوو؛ بڕیار لەسەر ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ بەغدا درا. هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکوومەتی فیدراڵیش کرد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
