سەرۆکی حکوومەت: بەرهەمەکانی پڕۆژەی مێگەل زۆر سەلامەتن بۆ بەکارهێنان
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەو پێداویستیانەی کە هاووڵاتییان هەیانە، ئێستا دەتوانن بە شێوازێکی زۆر باشتر دڵنیا بن، کە بەرهەمە ناوخۆییەکان بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دەتوانن بەدەستیان بهێنن. بیستم کە بەردەوام ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی و هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان بە لەبەرچاو بگیرێن و ئەو هاووڵاتییەی کە بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەم پرۆژەیە لە سوپەر مارکێتەکان دەکرێت، دەتوانێت دڵنیا بێت کە لە کوالیتی کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و زۆر سەلامەتە بۆ بەکارهێنان."
مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەمە بەشێکی تری گرنگی ئەم پرۆژەیە، چونکە تاکو ئێستا زۆرجارمان دەبینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی بڵاو دەبووەوە، چونکە بابەتی بەرهەمهێنانی خۆراکی گۆشتییەکان بە شێوەیەکی ناتەندروست یانیش بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بکەین بەرهەم دەهات. ئێستا بەم پرۆژەیە دەکرێت هەموو شتێک لە شوێنێکدا کۆبکاتەوە و هاووڵاتیان دڵنیا بن. هەم دابینکردنی پێداویستییەکان، هەم لە ڕووی سەلامەتی و تەندروستی و کوالیتی ئەو بەرهەمانەی کە دێنە دەست هاووڵاتییان ئەمە هەمووی جێی دڵخۆشییە."
