سەرۆک وەزیران: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەمە بەشێکی ترە لەو هەوڵانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پاڵپشتیکردن و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت و ئەو پرۆژەیە بە ئەرکی کۆمپانیای تایبەت و کەرتی تایبەت دروست کراوە. حکوومەت تەنیا پاڵپشت بووە و ئاسانکاری بۆ کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو سێکتەرەکان و ئەوەی ئاسانکاری بکرێت و خزمەتگوزارییەکی باشتر، خێراتر بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، حکوومەت پاڵپشتیان بێت."
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی "پێشتریش چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەبووە کە بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵی یارمەتیمان داون و هاوکاری خوشک و برا جووتیارەکانمان داون کە ئەوانیش توانیویانە بەرهەمەکانی خۆیان ساغ بکەنەوە و بتوانن هەتا هەناردەی دەرەوەش بکەن. ئەمەش ببێتە ببن بە یەکێک لەو پرۆژانەی کە بتوانێت هەموو پێداویستی ناوخۆییەکان دابین بکات و ئەگەر پێویست بێت، بتوانێت هەناردەی دەرەوەش بکات."
