دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی "مێگەل"
ئەمڕۆ یەکشەممە26ـی تشرینی یەکەمی 2025، ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (مێگەل)ـی لە هەولێر كردەوە کە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی و پیشەسازیی خۆراکی کەرتی تایبەتە و لە سەر ڕووبەری نزیکەی 366 دۆنم و بە تێچووی سەد ملیۆن دۆلار دروستکراوە.
لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەت تەواوی بەشەكانی پرۆژەكەی بەسەر كردەوە وەک یەكەی سەربڕخانە،سەنتەری بازرگانی، سەنتەری کۆنترۆڵی ئاژەڵان و پاڵاوتنی ئاوی پیس، یەكەی سووتاندنی پاشەڕۆ و یەكەی سەوزایی ،
دواتر لە گوتارێكدا جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی تایبەت كردەوە.هاوكات خۆشحاڵیی خۆیشی لەوە دەربڕی كە لە پرۆژەکەدا زیاتر لە هەزار هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان رەخسێندراوە.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان
زۆر زۆر بەخێربێن، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە كردنەوەی پرۆژەی (مێگەل) كە بێگومان پرۆژەیەكی زۆر گرنگە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا.
بە كردنەوەی ئەم پرۆژەیە، خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان دەكرێ. خۆشحاڵبووم كە سەردانی پرۆژەكەمان كرد و چەندین بەشی پرۆژەكەمان بەسەر كردەوە.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئەم پرۆژەیە بە دەست و بازووی خەڵكی خۆمان دروست كراوە و تەكنەلۆژیا و ئەو ئامێرە پێشكەوتووانەی كە لە دەرەوە هێندراون، هەموویان بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی و بە شێوازێكی زۆر جوان و سەردەمییانە ئامادە كراون و ئەوە یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێت بۆ ئەوەی لە چەند روویەكەوە هاووڵاتیان دڵنیا بكاتەوە، لە لایەك، بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییەكان كە خەڵكی كوردستان پێداویستی هەیە و ئەم پرۆژەیە بۆ دابینكردنی خۆراكی گۆشت بۆ ئاژەڵداری، بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ، بۆ كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، بۆ هەمووی دروست كراوە. ئەو پێداویستییانەی كە هاووڵاتیان هەیانە، ئێستا دەتوانن بە شێوەیەكی زۆر باشتر دڵنیا بن كە بەرهەمە ناوخۆییەكان بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی دەتوانن بەدەستی بهێنن، هەروەها بیستم كە بەردەوام ئەم پرۆژەیە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی و هەموو رێكارە تەندروستییەكان دەبێ لەبەرچاو بگیرێن و ئەو هاووڵاتیەی كە بەرهەمە ناوخۆییەكانی ئەم پرۆژەیە لە سووپەرماركێتەكان دەكڕێت، دەتوانێت دڵنیا بێت كە لە كوالێتی كۆنتڕۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و سەلامەتە بۆ بەكارهێنان. ئەمە بەشێكی تری گرنگی ئەم پرۆژەیەیە، چونكە تاكوو ئێستا زۆرجار دەمانبینی ڤایرۆس و نەخۆشی بڵاو دەبووەوە، چونكە بابەتی بەرهەمهێنانی خۆراكە گۆشتییەكان بە شێوەیەكی ناتەندروست یانیش بەبێ ئەوەی رەچاوی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بكرێت، بەرهەم دەهات. ئێستا بەم پرۆژەیە، دەكرێ هەموو شتێك لە شوێنێكدا كۆبكرێتەوە و هاووڵاتیان دڵنیا بن هەم لە دابینكردنی پێداویستییەكان، هەم لە رووی سەلامەتی و تەندروستی و كوالێتیی ئەو بەرهەمانەی كە دێنە دەست هاووڵاتیان، ئەمانە هەمووی جێی دەستخۆشین، من دەستخۆشی لەو برادەرانە دەكەم، لەو بەڕێزانە دەكەم كە ئەم پرۆژەیەیان جێبەجێ كردووە و هیوادارم پرۆژەی هاوشێوەی ئەمەش لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەردەوام بێت و دروست بكرێت.
ئەمە بەشێكی ترە لەو هەوڵانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پاڵپشتیكردن و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت، ئەم پرۆژەیە لەلایەن كۆمپانیای تایبەت و كەرتی تایبەت دروست كراوە و حكومەت تەنیا پاڵپشت بووە و ئاسانكاری بۆ كردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو سێكتەرەكان بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكرێت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكی باشتر، خێراتر بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان، حكومەت پاڵپشتیان بێت.
پێشتریش چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەبووە كە بە تایبەتی لە كەرتی كشتوكاڵی یارمەتیمان داون و هاوكاریی خوشك و برا جووتیارەكانمان كردووە، ئەوانیش توانیویانە بەرهەمەكانیان ساخ بكەنەوە و تەنانەت بتوانن هەناردەی دەرەوەشی بكەن، ئەمەش ببێت بە یەكێك لەو پرۆژانەی كە بتوانێت هەموو پێداویستییە ناوخۆییەكان دابین بكات و ئەگەر پێویست بێت، بتوانێت هەناردەی دەرەوەشی بكات. ئەمانە هەموویان هاوكار دەبن بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا.
ئەم پرۆژەیە دەكرێت چەندین پرۆژەی تریش پێیەوە ببەسترێتەوە، مەسەلەی ئاژەڵداری، بەخێوكردنی ئاژەڵ، كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، پێویستیی بە عەلەف هەیە، پێویستیی بە بەخێوكردن هەیە، بەمەش چەندین كۆمپانیای تر دەتوانن سوود لەو پرۆژەیە وەربگرن و ببن بە هاوبەش لە تەواوكردنی ئەو زنجیرەیە. لە لایەكی ترەوە پاشماوەی ئەو ئاژەڵانەی كە دواتر وەكوو خۆراك بەكار دێن، وەكوو پێستە، یان ئەو شتانەی كە دەمێننەوە، دیسان بكرێن بە پرۆژەی تر و كۆمپانیای تر بتوانن سوودیان لێوەربگرن و هەلی كاری زیاتر دروست بكرێ.
خۆشحاڵم كە بیستم زیاتر لە هەزار هەلی كار هەر لەم پرۆژەیەدا دەستەبەر کراوە و ئەمە جێی دڵخۆشییە. دیسان هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و هیوادارم هاووڵاتیان لەمەودوا دڵنیا بن كە ئەم گۆشتەی لەم پرۆژەیە، لەم كارگەیە دەچێتە سووپەرماركێتەكان، گۆشتێكی تەندروست و سەلامەتە و بە كوالێتی كۆنتڕۆڵدا تێپەڕیوە و دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەمیشە هەر سەركەوتوو بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.
